کۆمەڵی دادگەری: پێویستە مافەکانی گەلی کورد لە سووریای نوێدا پارێزراو بن

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە سەرپەرشتی مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵ، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تێیدا چەند بڕیارێکی نێوخۆیی و هەڵوێستی سیاسی لەسەر ئاستی هەرێمایەتی ڕاگەیاند.

لە تەوەرەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، پاش گفتوگۆکردن لەسەر ڕاپۆرتی لیژنەی باڵای تەشکیلات و پەسندکردنی، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بڕیاری دا بە فەرمی بەرپرسی مەڵبەند و مەکتەبەکان دەستبەکار بن بۆ ڕاپەڕاندنی کارە ڕێکخراوەییەکانیان لە قۆناغی داهاتوودا.

سەبارەت بە دۆخی تەناهی و سیاسی ناوچەکە، کۆمەڵی دادگەری جەختی لە پاراستنی ئاشتی کردەوە و ڕایگەیاند: “پێویستە ڕێگری لە هەر جۆرە بەکارهێنانی هێز و توندوتیژییەک بکرێت کە ببێتە هۆی ڕژانی خوێنی هاووڵاتییانی بێتاوان و تێکدانی ئارامی.”

لەسەر پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دژایەتی خۆی بۆ یەککلاییکردنەوەی کێشەکان لە ڕێگەی توندوتیژییەوە دەربڕی و ڕایگەیاند: “کورد هەمیشە قوربانی دەستی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان بووە، بۆیە پێویستە لە سووریای نوێدا تەواوی مافەکانی میللەتی کورد پارێزراو بن.”

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، پرسی خستنە لیستی تیرۆری کۆمەڵی (ئیخوان موسلمین) لەلایەن هەندێک وڵاتەوە تاوتوێ کرا. کۆمەڵی دادگەری ئەم هەنگاوەی بە “تۆمەتبارکردنی بێ بەڵگە” و “مامەڵەیەکی نادادپەروەرانە” بەرانبەر بە ڕەوتە ئیسلامییەکان وەسف کرد.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە