تەمومژ و سەرما هەرێم دەگرێتەوە و شەپۆلێکی بەفر و بارانیش لە ڕێگەیە
بەپێی دواین پێشبینییەکانی کەشوهەوا، لە ئەمشەوەوە گۆڕانکاری لە ڕەوشی کەشوهەوای ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان ڕوودەدات و شەپۆلێکی نوێی سەرما و بەفربارین ڕوو لە ناوچەکە دەکات.
پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە، درەنگانی ئەمشەو تەمومژێکی چڕ بەشێک لە ناوچەکانی سنووری سلێمانی، هەڵەبجە و دەوروبەری کەرکوک دەگرێتەوە و تاوەکو کاتژمێر ١٠ی پێش نیوەڕۆی سبەی هەینی بەردەوام دەبێت. بۆ ڕۆژانی هەینی و شەممە، ئاسمانی هەرێم بە گشتی ساماڵ و پەڵەهەور بۆ نیمچەهەور دەبێت و پێشبینی باران و بەفر ناکرێت، بەڵام سەرمایەکی بەهێز بەتایبەت لە کاتەکانی شەودا ناوچەکان دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ی ئەم مانگەدا، شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین و بەفربارین ڕوو لە ناوچەکە دەکات. ئەم شەپۆلە لەگەڵ خۆیدا سەرمایەکی بەهێزی نوێ دەهێنێت و پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییەکانی وەک حاجی ئۆمەران و پێنجوێن و دەوروبەریان بەفر ببارێت، هاوکات چیاکانی ئەزمەڕ و گۆیژە دیسان سپی دەپۆشن، و ئەگەری بەفربارین لە ناو سەنتەری شاری سلێمانیش هەیە.
چاوەڕوان دەکرێت لە ڕاپۆرتەکانی داهاتوودا وردەکاری زیاتر و ڕێژەی باران و بەفری پێشبینیکراو بۆ هەموو ناوچەکان بڵاوبکرێتەوە.
