چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئێران هاتە دەنگ

چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ هێرشی سەربازی دژی ئێران هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و دەڵێت” جەختدەکەینەوە نابێت خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنریت”.

چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦)، ڕەتکردنەوەی توندی خۆی نیشاندا بۆ بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێک، بەتایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران.

لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگییدا هاتووە”لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانیمانەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت دەکاتەوە لە ڕەتکردنەوەی بێ ئەملاو ئەولای بەکارهێنانی خاک و سنووری عێراق بۆ دەستدرێژیکردنە سەر هەر وڵاتێک بەتایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، چونکە ئەمە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی عێراق و پەلکێشکردنی وڵات بۆ ناو ململانێ گەلێک دادەنرێت کە خزمەت بە ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان ناکات.”

بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ناوچەکە بەرگەی ململانێی سەربازیی نوێ ناگرێت، بەتایبەتی لە سایەی ئاستەنگە ئابوورییە باوەکان و دابەزینی نرخی نەوت، کە ئەمەش بارگرانییەکانی سەر گەلانی ناوچەکە دوو هێندە دەکات و هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەیی دەکات.

لە کۆتاییدا چوارچێوەی هەماهەنگی دووپاتی کردۆتەوە، کە پشتیوانی چارەسەرە دیپلۆماسی و سیاسییەکان دەکات و بە گونجاوترین ڕێگای دەزانێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان، بەجۆرێک کە سەروەریی دەوڵەتان بپارێزرێت و گەلانی ناوچەکە لە ماڵوێرانییەکانی جەنگ بەدوور بگرێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە