کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) نوێترین ئاماری هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پڕۆسەی وەرگرتن و هەناردەکردنی نەوتەکە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامیی هەیە.
عەلی نەزار شەتری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ ئاشکرای کرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی ڕێککەوتنەکەوە لە ٢٧ـی ئەیلولی ٢٠٢٥ تا کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، نزیکەی ١٩ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێم وەرگیراوە و هەناردەی بازاڕەکانی جیهان کراوە.
بەپێی وتەی بەڕێوەبەری سۆمۆ، تێکڕای هەناردەکردنی مانگانەی نەوتی هەرێم لەو ماوەیەدا نزیکەی ٦ ملیۆن بەرمیل بووە.
شەتری جەختی لەوە کردەوە، کە هەموو لایەنەکان هەوڵی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە دەدەن و پڕۆسەی ڕادەستکردنی نەوتەکە بەردەوامە.
سەبارەت بە گۆڕانکاری لە بڕی هەناردەی مانگانە، ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەمە بابەتێکی ئاساییە و پەیوەندی بە دۆخی تەکنیکی و ئاستی بەرهەمهێنانەوە هەیە، بەڵام هەموو گۆڕانکارییەکان لە چوارچێوەی ستانداردە جیهانییەکاندا دەمێننەوە.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ کار دەکەن بۆ جێگیرکردنی پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت و چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانی سەر ڕێگای هەناردە و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانیی سۆمۆوە.
