خەڵک _ بارزان فارس
دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناو شاری هەولێر دەستپێدەکات و نرخەکەشی 31 هەزار دینارە بۆ هەر 100 لیترێک.
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بڕیارێکی نوێی لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپی ماڵان دەرکرد و ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرۆسەکە بە شێوازێکی نوێ دەستپێدەکاتەوە و گەڕەکە هەژارنشینەکان لە پێشینەی کارەکانیان دەبن.
سالار محەممەد، لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆری میدیایی خەڵک-ی ڕایگەیاند، لە ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، دەست دەکرێت بە دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیاندا.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەم قۆناغەدا بڕی ١٠٠ لیتر نەوت بە نرخی ٣١ هەزار دینار دەدرێتە هەر خێزانێک، و یەکەم وێستگەی دابەشکردن لە بەنزینخانەی (گەل – بنکەی ٢٠٧) دەستپێدەکات.
سالار محەممەد، راشیگەیاند کە دابەشکردنی نەوت لەرێگەی وێستگەکانی بەنزینەوە دەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە ڕێکوپێکی بەڕێوەبچێت.
داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت بە زووترین کات سەردانی بریکارەکانی خۆراک بکەن بۆ وەرگرتنی “کارتی ئەلیکترۆنی سوتەمەنی”، چونکە دابەشکردن تەنها بەو کارتە دەبێت. تێچووی دەرهێنانی کارتەکە بڕی ٥ هەزار دینارە.
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەولێر جەختیکردەوە، شاری هەولێر پێویستی بە ٤٥ ملیۆن لیتر نەوت هەیە بۆ ئەوەی بڕی ٢٠٠ لیتر بەسەر هەموو خێزانێکدا دابەش بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنها ١٥ ملیۆن لیتر دابەش کراوە. هەر بۆیە لەم قۆناغەدا بڕیار دراوە بەشێوەی کاتی ١٠٠ لیتر دابەش بکرێت بۆ ئەوەی زۆرترین خێزان سوودمەند بن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە ئاستی بژێوییان نزمە.
