دوای ڕادەستکردنی نەوت، دەبێت گومرگیش بخرێتە ژێر کۆنترۆڵی عێراقەوە

بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی باشماخ ڕایدەگەیەنێت کە هەرێمی کوردستان لە ئایندەدا دەبێت پابەند بێت بە جێبەجێکردنی سیسستمێکی گومرگی کە عێراق سەرپەرشتی دەکات.

شاخەوان ئەبوبەکر، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، ڕایگەیاند، هەرچەندە ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی سیستمی ئەلیکترۆنیی تایبەت بە خۆیەتی، بەڵام لە داهاتوودا پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنی سیستمی “ئەسیکۆدا”.

ڕاشیگەیاند، “پرسی گومرگ لە نەوت گرنگتر نییە” و وەک چۆن دۆسیەی نەوت ڕادەستی بەغدا کرا، بە هەمان شێوەش ئەم سیستمە لە دەروازەکانی هەرێم جێبەجێ دەکرێت.

بە وتەی بەڕێوەبەری گومرگی باشماخ کە بۆ کەناڵ8 قسەی کردووە، ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان تێبینییان لەسەر سیستمی پێشووی عێراق هەبووە کە تەنیا کاغەز بووە. ئامانجی سەرەکی لە جێبەجێکردنی سیستمی “ئەسیکۆدا” کۆنترۆڵکردنی ئەو دۆلارەیە کە بۆ مەبەستی بازرگانی دەچێتە دەرەوەی وڵات، تاوەکو ڕێگری لە سپیکردنەوەی پارە بکرێت و بزانرێت حەواڵەکان بۆ چ وڵاتێک دەچن، کە ئاماژەی بەوە کرد مەبەستی سەرەکی وڵاتی ئێرانە.

شاخەوان ئەبوبەکر هۆشداری دا کە بەشێکی زۆری ئەو کاڵایانەی لە هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن، بەرەو ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەچن. ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر هەرێم نەچێتە ناو ئەم سیستمە، لە داهاتوودا ڕێگە بەو کاڵایانە نادرێت بچنە ناوچەکانی دیکەی عێراق. حکومەتی هەرێم دەیەوێت بە جێبەجێکردنی ئەم سیستمە، بازرگانانی ناوخۆ تووشی زیان نەبن و کارەکانیان بەردەوام بێت.

“ئەسیکۆدا”، سیستمێکی جیهانیی گومرگییە و ڕاستەوخۆ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاودێری دەکرێت. ئامانجی سیستمەکە بریتییە لە بەئەلیکترۆنیکردنی ڕێکارە گومرگییەکان، کۆنترۆڵکردنی پارەدان و بەستنەوەی ڕاستەوخۆی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بە بانکی ناوەندییەوە بۆ شەفافیەت لە داهات و خەرجییەکاندا.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە