هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، دۆناڵد ترەمپ گومان دەخاتە سەر توانای ڕەزا پەهلەوی کوڕی شاخوێنڕێژەکەی ئێران کە لە دەیەوێت خۆی وەک جێگرەوەیەک بۆ دەسەڵاتی ئێستای ئێران وێنا بکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز گومانی خۆی نیشاندا سەبارەت بە توانای ڕەزا پەهلەوی بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری لە ناوخۆی ئێراندا تاوەکو لە کۆتاییدا دەسەڵات بگرێتە دەست.
ترەمپ ڕایگەیاند نازانم لە ناو وڵاتەکەیدا چۆن مامەڵە دەکات… هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناغە.” هەروەها وتیشی: “نازانم ئایا گەلەکەی سەرکردایەتی ئەو قبوڵ دەکەن یان نا، بەڵام ئەگەر قبوڵیان کرد، ئەوە بۆ منیش قبوڵکراو دەبێت”، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەری ڕووخانی حکومەتی ئێران لە ئارادایە.
ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی دەستوەردانی کردووە بۆ پشتگیریکردنی خۆپیشاندەران لە ئێران، لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکان باس لە کوژرانی سەدان کەس دەکەن لە هەڵمەتەکانی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکاندا، بەڵام دوێنێ چوارشەممە خۆی بەدوور گرت لە ڕاگەیاندنی پشتگیریکردنی پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران کە ساڵی 1979 لە دەسەڵات لادرا.
ترەمپ گومانی خستە سەر توانای پەهلەوی بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو وتی کە هیچ پلانێکی نییە بۆ بینینی.
پەهلەوی تەمەن 65 ساڵ کە نیشتەجێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، پێش ڕووخانی باوکی لە شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979ـەوە لە دەرەوەی ئێران دەژی لە میدیاەوە دەیەوێت وا خۆی وێنا بکات کە پشتیوانییەکی جەماوەری لە ناوخۆی ئێراندا هەبێت، بەڵام ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی داوە بەوەی پێگەی لەناو ئێراندا زۆر لاوازە.
لە سەردەمی ڕەزا پەهلەوی باوکیدا ستەمێکی زۆر لە گەلی کورد کرا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مێژوویەکی لێوان لێو لە سەرکوتکردنی لەگەڵ کورد هەیە.
یەکێک لە خوێناویترین لاپەڕەکانی ئەم مێژووەی شای ئێران بۆ ساڵی ١٩٤٦ دەگەڕێتەوە، کاتێک سوپای شا دوای کشانەوەی هێزەکانی سۆڤیەت، پەلاماری شاری مەهابادی دا و نەک هەر کۆتایی بە کۆماری کوردستان هێنا، بەڵکو پێشەوا قازی محەمەد و هاوەڵانی لە گۆڕەپانی چوارچرا لەسێدارەدا.
لە ساڵانی دواتریشدا، بە تایبەت لە جوڵانەوەی ساڵانی ١٩٦٧-١٩٦٨، دەزگای ئەمنیی “ساواک” بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی تێکۆشەرانی کورد بووەوە و زۆربەی سەرکردە مەیدانییەکانی وەک سلێمان موعینی و ئیسماعیل شەریفزادەی شەهید کرد، تەنانەت سوکایەتیکردن بە تەرمی قوربانییەکان بۆ ترساندنی خەڵک ببووە بەشێک لە ستراتیژی سەربازیی ئەو کاتە.
جگە لە سەرکوتی ڕاستەوخۆ لە ناوخۆ، سیاسەتی دەرەوەی شای ئێران بەرامبەر بە کوردانی پارچەکانی دیکە، بە تایبەت باشووری کوردستان، لەسەر بنەمای “بەکارهێنان بۆ بەرژەوەندی” داڕێژرابوو. شا بۆ فشارخستنە سەر حکومەتی عێراق و بەدەستهێنانی دەسکەوتی سنووری، بۆ ماوەیەک پشتگیری لە شۆڕشی ئەیلوول کرد، بەڵام هەر کە لە ساڵی ١٩٧٥ لەگەڵ سەدام حسێن لە جەزائیر گەیشتە ڕێککەوتن، دەستبەجێ پشتی لە کورد کرد و ڕێگەی دا سوپای عێراق پەلاماری باشووری کوردستان بداتەوە، کە ئەمەش بووە هۆی کارەساتێکی مرۆیی گەورە و ئاوارەبوونی هەزاران خێزان.
لە ڕووی کولتووری و ناسنامەشەوە، ڕژێمی پاشایەتی هەوڵێکی چڕی دەدا بۆ تواندنەوەی کورد لە ناو ناسنامەی فارسیدا، بە جۆرێک کە خوێندن بە زمانی دایک قەدەغە کرد و ناوی شار و گوندەکان لە کوردییەوە دەگۆڕدران بۆ فارسی، ئەمەش لە پێناو سڕینەوەی مێژوو و جیاوازییە نەتەوەییەکاندا بوو.
