عومەر گوڵپی ڕایدەگەیەنێت، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە یەک وشەش باسی داهاتی فرۆشتنی (٢٨٠ ملیۆن) بەرمیل نەوتی بە تەنکەر و پاڵاوگەی ساڵانی (٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥) نەکرد کە بەشی 7 مووچە دەکات!
عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، پاش چەند مانگێک لە کۆنەبوونەوە، ئەمڕۆ ئەنجەومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم کۆبوویەوە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتی دارایی ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی دارایی و مووچە خستووەتەڕوو و گفتوگۆی زۆر خشتە و داتایان کردبوو، بەڵام ئەوەی لە وەزیرەکان و خەڵکی کوردستان شاردرایەوە و باس نەکرا، داهاتی ئەو نەوتە بوو کە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٣ تا مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥ بە تەنکەرو پاڵاوگە فرۆشتوویانە!
دەشڵێت: ئەو نەوتەی لە ماوەی ئەو (٣٠ مانگ)ەدا بە تەنکەر و پاڵاوگە فرۆشراوە بریتییە لە (٢٨٠ ملیۆن) بەرمیل کە داهاتەکەی پاش لێدەرکردنی (١٦ دۆلار)ی حەقدەستی کۆمپانیاکان بریتییە لە (٦،٥ ترلیۆن) دینار، ئەم بڕە پارەیەش بەشی 7 مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی کوردستان دەکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەرچی داهاتی فرۆشتنی نەوت بە تەنکەر و پاڵاوگە لە خەڵکی کوردستان شاردراوەتەوە، بەڵام ئەم داهاتە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە شاردراوە نییە و دینار بە دیناری لە بەشە بودجە و مووچەی خەڵکی کوردستان کەمکراوەتەوە، هەر بۆیە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا دابەشکردنی ئەو 7 مووچەیە خراوەتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان!
ڕاشیگەیاندووە، سەیر لەوەدایە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوەکەیدا گلەیی لە حکومەتی بەغدا دەکات لەسەر 7 مووچەی دابەشنەکراوی مووچەخۆران، لە کاتێکدا چوار وەزیریان لەو حکومەتەی بەغدا هەیە و ئەو چوار وەزیرە بە یەک وشەش داکۆکیان لەو مووچە نەدراوانەی خەڵکی کوردستان نەکردووە و پشتیوانی بۆچوون و ڕاگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ناکەن!
