هەسەدە هۆشداری بەپەلەی دا

هەسەدە: گرووپەکانی سەر بە دیمەشق و تورکیا هێرشێکی چڕ دەکەنە سەر ناوچەکانی دێر حافر و بەنداوی تشرین

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاریی پێکدادان و هێرشە سەربازییەکانی ئەمڕۆ (١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦)ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە ناوچەکە ڕووبەڕووی پەرەسەندنێکی مەترسیدار بووەتەوە.

هەسەدە ڕایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە زیاتر لە ١٢ هێرش کە تێیدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، تۆپخانە و هاوەن بەکارهێنراوە، دەوروبەری بەنداوی تشرینیان کردووەتە ئامانج. ئەم هێرشانە گوندەکانی (مەحشییە، شێخ حەسەن و قەشڵە)شی گرتووەتەوە و تا کاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە تۆپبارانەکان بەردەوامن.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشەکان بۆ سەر دێر حافر بە مەبەست بووە بۆ شڵەژاندنی ژیانی ڕۆژانەی مەدەنییەکان، لەوانە نانەواخانەی مەدەنی دێر حافر بە فڕۆکەی خۆکوژ کراوەتە ئامانج و لەکارکەوتووە، کە ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی خۆراکی ناوچەکە، هاوکات بینای بەڕێوەبەرایەتی پۆستەی دێر حافر تۆپباران کراوە. بەهۆی هێرشەکانەوە ڕێگری لە جوتیاران دەکرێت بگەنە زەوییەکانیان، کە ئەمەش بژێوی ژیانیانی خستووەتە مەترسییەوە.

هەسەدە ڕایگەیاند، کە هێزەکانیان توانیویانە هەوڵێکی دزەکردنی گرووپەکانی دیمەشق لەسەر میحوەری گوندی “زوبەیدە” لە گوندەواری باشووری دێر حافر تێکبشکێنن و هێرشبەرانیان ناچار بە ڕاکردن کردووە.

هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی دیمەشق، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیاش چەندین ناوچەیان بۆردومان کردووە:

  • خاڵێکی سەربازی هەسەدە لە شاری مەسکنە بۆ جاری چوارەم کراوەتە ئامانج.

  • خاڵێکی تری سەربازی لە گوندی بۆعاسی لە گوندەواری شاری تەبقە کراوەتە ئامانج.

هەسەدە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، حکومەتی دیمەشق و لایەنە هێرشبەرەکانی بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم پەرەسەندنە سەربازییە و لێکەوتە مرۆیی و ئەمنییەکانی ناوچەکە زانی.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە