لە مەلای گەورەوە بۆ مەلا مەزهەر، دەربارەی ئافرەت و چەک و ڕۆڵی لە کۆمەڵگەدا

ئەبوبەکر عەلی

بەداخەوە، کە ئێمەی کورد لە سۆنگەی لاوازییەکانی بیری نەتەوەیی و نەژیانی مێژوویی لە سایەی دەسەڵاتێکی ناوەندی و وەناکۆکی کردنی جیاوازەکان و هۆکاری ترەوە، زۆرجار کارەساتەکانیش کۆمان ناکاتەوە، شەرەکان بەناوخۆیی دەکەینەوە، بەوەش لە ڕەمز بوونی ئازارو مەینەتیەکان و ڕەونەقی قارەمانییەتیەکان کەم دەکەینەوە.

بۆیە ئەگەر لە دەیان ساڵی ڕابردوودا هیچ ڕووداوێک بەقەدەر کارەساتی دوو گەڕەکە کوردییەکەی حەڵەب کوردی بە دەوری خۆیدا کۆنەکردبێتەوەو گیانی هاوسۆزی نەتەوەیی گڵپە پێ نەسەندبیت،کەچی سەرەڕای ئەوە، هەندێک هەر هەبوون، بەدوو ئاراستەی جیاواز دژ بەم دیمەنە جوانە بجوڵێنەوە، بەشێکیان هەوڵیاندا ئیسلامییەکانی کوردستان بخەنە شوێنی هێزەکانی شەرع و بە نەفرەتیان بکەن، کە ئەمە سەرەرای بوونی هەر ڕەخنەیەک لە هەڵوێستی ئەوان، خزمەتمان ناکات و کۆمەڵگە دابەش دەکات و دەیدات بەگژی یەکترداو دەرژێتە خانەی دەزگا هەواڵگیرییە هەرێمایەتیە دژەکانەوە!

بەدیوەکەی تریشدا، بەداخێکی زۆرەوە، بەشێک لە ناوەندە دینی و ئیسلامییەکە لە دیدێکی نانەتەوەیی و لەسۆنگەی جیاوازی ئایدۆلۆژییەوە، کەوتنە هەوڵدان بۆ بەتاڵکردنەوەی ئەوەی ڕوویداوە لە هەموو ئاماژەو ناوەرۆکێکی ئەخلاقی و ستەملێکراوی مێژوویی کوردو ستەمکاریی دوژمنەکانی بەعەلمانی و ئیسلامییەوە.

لەم نێوەندەشدا، هەڵوێستی مەلا مەزهەر خۆراسانی بوو بەناونیشان بۆم شەبەنگە. ڕەنگە ئەوەش بەهۆی شێوازە کۆمیدی و تەهەکومییە ناسراوەکەی ناوبراوەوەب بێت، کە بە بڕوای ئێمە پێچەوانەی کەسێتی زانای کوردەو بەراستی نازانین.

مامۆستا مەلا مەزهەر لە میانەی دەربرینی بۆچوونەکانی لەسەر پەلاماردانی دوو گەڕەکەکەو دانیشتوانەکەیان، دوو مەسەلەی وروژاند، کە یەکێکیان پەیوەندی بە شوێنگەی ژن لە ئیسلامدا هەبوو، وەک ئامرازێک بۆ تانەدان لە کەسێتی و ڕۆڵی کچە کوردە جەنگاوەرەکان لە ڕۆژئاوادا، دووەمیشیان تەکفیر کردنی هێزەکانی هەسەدەو یەپەگە بوو، کەئەویش پێشینەیەکی یەکجار خراپ و حساب بۆ نەکراو بوو. کەئەمڕۆ ئاماژەیەکی کورت بە یەکەمیان دەکەین و دووەمیشیان هەڵدەگرین بۆ دەرفەتێکی تر، چونکە ئەویش مەسەلەیەکی یەکجار هەستیارو ترسناکەو نابێت بەبێ ڕەخنە لێگرتن بروات.

ناوبراو باسی لەوەکرد کە لە ئیسلامدا شوێنگەی ژن ماڵەوەیە، نەک چەک هەڵگرتن و شەرکردن، ئیشی ئەوەیە چا بۆ پیاوەکەی تێبکات و پیاوەکەی شەر بکات. ئێمە لێرەدا بەدەر لە هەر واقیێکی ئێستا لەو بارەوە، دەمانەوێت، لە دیدێکی مەنهەجیی ئیسلامییەوە، لەسەر ئەم دیدە بووەستین و ڕەتیبکەینەوەو پرسیار بخەینە سەر ناوەرۆکی ئیسلامیی بوونی.

بەڵام سەرەتا دەخوازم ئاماژە بەوە بکەم، کە بێ پەردە، دژی ئەو ڕەوتە فێمێنیستیە دژە خێزانییە توندڕەوەم، کە بە چاوی سووک سەیری ڕۆڵی دایکایەتی و هاوسەرێتی و بنەرەتبوونی ژن لە خێزاندا دەکات، چونکە هەردوو ئەرکەکە لە دیدی ئیسلام و جەوهەری مرۆڤایەتیشەوە پیرۆزن. هەروەها پێم وایە جەنگ لەبنەرەتدا ئەرکێکی پیاوانەیەو ڕۆڵی ئافرەت لەوروەوە تەواوکارییە.

بەڵام کاتێک قسەکردن لەم دوو ئەرکە بمانگەیەنێتە تێگەیشتنێکی تاڵیبانیانەو داخراوو نەریتی دژ بە ژییاننامەی پێغەمبەرو واقیعی مێژوویی کۆمەڵگەی موسوڵمانی کوردەواری و گیانی سەردەم و پێویستیەکانی پاراستنی ماف و کەرامەتی ئافرەتی موسوڵمانی هاوچەرخ، دەبێت هەڵوێستەی لە سەر بکەین و هەڵوێستی ڕوون و ڕاشکاوانەمان دەربارەی هەبێت، بۆ ئەوەی بە هەموو لایەکی بڵێین، ئەوەی مامۆستا مەلا مەزهەر خۆراسانی دەربارەی ئیسلام و ئافرەت دەیڵێت، تەنها نوێنەرایەتی بۆچوون و ڕاو تێگەیشتنێکی تاکە کەسی سنورداری خۆی بۆ ئەم پرسە دەکات و هیچی تر، بۆچوون و تێگەیشتنەکەشی بە هەڵە دەزانین و ڕەتی دەکەینەوە، پێشمان وایە لەرووی مەنهەجی و ئەدەبیشەوە وا ڕاسترە ،کاتێ کاراکتەرە دینی و ئیسلامییەکانی کۆمەڵگە قسە لەسەر بابەتێکی لەم جۆرە دەکەن، کە هەڵگری تێگەیشتنی جیاوازە، خۆیان نەکەن بە وتەبێژی فەرمی ئیسلام و بە ناوی ئەوەوە قسەنەکەن، بەڵکو بڵێن لە ڕوانگەیەکی ئیسلامییەوە فڵان شت وایە واتە بۆچوونەکەیان بخەنە پاڵ جۆری تێگەیستنی خۆیان بۆ ئیسلام نەک خودی ئیسلام وەکو ئاین.

هەرچی پەیوەندی بە تێگەیشتنەکەشیەوە هەیە بۆ ڕۆڵ و پێگەو مافی ئافرەت لە دیدێکی ئیسلامیی مەنهەجیەوە، لەوانەش مەسەلەی ئافرەت و چەک و بەشداری لەجەنگەکاندا، وادەبینم هێندەی ڕەنگدانەوەی هەندێ داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و فیقهی کاریگەر بەو داب و نەریت و عورفەیە، ڕەنگدانەوەی ڕۆحی ئیسلام و مەبەستەکانی شەریعەت واقیعی ژیانی پێغەمبەری خوا نییە، لەم ڕوەشەوە لەبەر درێژ نەبوونەوەی وتارەکە تەنها ئاماژە بەدوو بەڵگە دەکەم:

* پێچەوانە بوونی دیدەکە لەگەڵ تێگەیشتن و واقیعی ژیانی پێغەمبەر(دخ) و هاوەڵانی، لەبەرئەوەی لاپەرەکانی مێژوو بۆی تۆمار کردووین، کە چەندین ئافرەتی موسوڵمان و هاوەڵ لەگەڵ پێغەبەر(د.خ.) بەشێوازی جۆراوجۆرو لەوانەش بەکارهێنانی چەک، بەشداریان لە شەرەکاندا کردووە. ئەوەش دەیسەلمێنێت بۆچونەکەی ناوبراو دژ بە جۆری پیادەکردنی ئیسلامە لەلایەن ئەو زاتەوە.

* بوونی نیمچە کۆدەنگییەک لە نێوان فەقیهەکاندا لەسەر ئەوەی، کە هەرکاتێک پەلاماری وڵاتێکی موسوڵمانان دراو پیاوان بە تەنها نەیانتوانی ڕووبەرووی داگیرکارییەکە ببنەوە، ئەرکی ئافرەتانی موسوڵمانە ئەو بۆشایی و لاوازییە سەربازییە پر بکەنەوەو بەشداری جەنگەکە بکەن.

واتە لە فیقهە نەریتیە مێژووییەکەشدا ئافرەتانی موسوڵمان بەهێزێکی سەربازی یەدەگ لە قەڵەمدراون و وێناکراون، کە پێویستە لە کاتی پێویستدا بەشداری شەرەکان بکەن، ڕوونە ئەوەش مەشق و ئامادەکارکردنیان لە ڕووی سەربازییەوە دەخوازێت،. ئەوەش ئەو شتەیە کە مەلای گەورەی کۆیە لە سی و چلەکانی سەدەی ڕابردوو پێشنیارو داوای کردووە.

واتە پێی وایە دەبێت ئافرەتانی کۆمەڵگە مەشق و ڕاهێنانی بەکارهێنانی چەک و سەربازیان پێبکرێت، بۆئەوەی لە کاتی پێویستدا بەشداری بەرگریکردن لە گەل و ولات بکەن.

⁠جگە لەوەش ئەم دیدە ئیسلامییە نەریتیە بۆ شوێنگەو ڕۆڵی ژنی موسوڵمان لە کۆمەڵگەیەکی نوێدا، چەندین کێشەی لێدەکەوێتەوە لەوانەش:

*پرسیار خستنە سەر هەزاران ئافرەتی موسوڵمان و لەوانەش کەس و کاری کاراکتەرە دینی و ئیسلامییەکان، کە لە ئێستادا لە فەرمانگە جۆراوجۆرەکاندا کاردەکەن، جونکە بەگوێرەی ئەو تێگەیشتنە نامەقاسیدی و نەریتیە بۆ ئیسلام، دەبێت هەموویان لە دۆخی گوناح و سەرپێچی لە ئیسلامدا بژین؟! بە حوکمی جووڵەکردن و ئامادەبوونیان لە پانتاییەکدا ئیسلام ڕێگەی پێ نەداون؟

. ئەوتۆمەتەی بەرامبەرە فیکرییە دژەکان دەسەلمێنێت، کەلە ڕابردوودا ئیسلامیان بەوە تاوانبارکردووە ژن لەماڵدا زیندانی دەکات ڕۆڵی لەدەرەوەی ماڵ سفردەکاتەوە و باشترین خزمەتیان پێ دەکات.

*واقیعی ئەم سەردەمەو ئەو ئاڵ و گۆرەی بەسەر جۆری ژیان و خێزان و ڕۆڵ وێنای ئافرەتدا هاتووە، ئەم جۆرە دیدەی بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە تێپەراندووە، بەوەش ئیسلام لە پێگەی ڕەتکردنەوە نەکو لەخۆگرتن و ئیسڵاح دەخاتە بەرامبەر ڕەوتی گەشەکردنی مێژوو کۆمەڵگەو واقیعی نوێی موسوڵمانانەوە، بەشداریکردنیشی لە چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاراستەدان بەژیانی کۆمەڵایەتی لاواز دەکات (هەڵبەت واقیعی دایکیشم لە لادێکەیدا پێچەوانەی ئەمە بووەو زۆربەی ئەوەی باوکم لە دەرو دەشت دەیکرد ئەویش بەشداربوو)

لێرەوە وا دەبینم ئەم جۆرە قسەو هەڵوێست و دیدە هێندەی دەکرێت بە کەرەسە بۆ بەدبین کردنی نەوەی نوێی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ئیسلام وکێشەلەتێگەیشتنەکاندا درووست دەکات، خزمەت بە ئەوو کۆمەڵگەش ناکات. هەربۆیە بەهەڵەی دەزانین و ڕەتیدەکەینەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە