پارتی دوو بژاردە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ڕادەگەیەنێت

پەرلەمانتارێكی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، پارتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێشكەش كردووەو سوورە لەسەر كاندیدەكەی و دەشڵێت: ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار دەبات نابێت بەشداری حكومەت بكات

ئیخلاس دلێمی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، دانوستان لەنێوان پارتی و یەكێتیی بەردەوامە و كۆبوونەوەیەك هەبوو لەبارەی حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی كۆمار.

ڕاشیگەیاندووە، پارتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێشكەش كردووە و سوورە لەسەر كاندیدەكەی؛ كوتلە كوردستانییەكان لەبەردەم دوو بژاردەدان:
یەكەم: زۆرینەی كورد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەبێت، چۆن زۆرینەی سوننە هەبوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و شیعەكانیش زۆرینەیان دەبێت بۆ سەرۆك وەزیران.

دووەم: ئەو كوتلەی كە سەرۆك كۆمار دەبات، دەبێت دەست لە پۆستەكانی تر هەڵگرێت، واتە یان بەشداریكردن لە حكومەت یان وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ناكرێت كوتلەیەك (17 كورسی) هەبێت (مەبەستی یەكێتییە) سەرۆك كۆمار و دوو وەزارەت و لیژنەكان و پێنج دەستەی سەربەخۆ ببات، ئەمە لۆژیكی نییە.

ئاشكراشی كردووە، هێشتا دانوستان بەردەوامە و ئێمە وەكو پارتی خۆمان بە باوكی هەموو كوتلەكان دەزانین و بەردەوام دەبین لە دانوستان.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی جەختیشی كردۆتەوە، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار فوئاد حسێنە و ئێمە داوا لە چوارچێوەی هەماهەنگیی دەكەین بە هەمان ئەو میكانیزمەی دەنگی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بدەن، كە بۆ سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك وەزیران دەنگی پێدەدەن، كە ئەویش زۆرینەی سوننە و زۆرینەی شیعە و زۆرینەی كوردە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە