مالكی و سودانی كورسییەكە بۆ كێ‌ چۆڵ دەكەن؟

 

شیعەكان باس لە كشانەوەی هەریەكە لە نوری مالكی و محەمەد شیاع سودانی لە كاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق دەكەن و ناوی سێ‌ كەسی دیكە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دەهێنرێت و بڕیارە لە كۆبوونەوەی داهاتووی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بڕیاری كۆتایی لێبدرێت.

ماوەی دوو مانگە هەڵبژاردنی خوولی نوێی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دراوە و تا ئێستا تەنها دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردراوە و بڕیارە بەم زووانە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرێت لە پشكی كورد و دواتر كاتێكی كەم لەبەردەم شیعەكان دەمێنێتەوە بۆ یەكلایی كردنەوەی كاندیدیی سەرۆك وەزیران و كابینەی وزاری نوێ‌.

فەهد جبوری، سەرکردە لە رەوتی حیکمە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (الرشید) ئاشکرایکرد “محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە کێبڕکێی سەرۆک وەزیران کشاونەتەوە”.

سەبارەت بەوەی کێ چانسی بوون بە سەرۆک وەزیرانی هەیە؟ جبوری وتی، “بابەتەکە بەنزیكی یەکلابووەتەوە و بژاردەکە ئێستا لەنێوان حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری و باسم بەدری، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا سنوردارە”.

ئەو سەرکردەیەی رەوتی حیکمە ڕایوایە، “ئەو پۆستەیە لەنێوان حەمید شەتری و باسم بەدری یەکلایی دەکرێتەوە”، لەبارەی هۆکارەکەی؟ ئەو دەڵێت: ئەوەش لەبەر ئەگەری بوونی ناو و رووخسارێکی نوێ لە دەرەوەی ناوی 9 كاندیدەكەی سەرەتا، “ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی بگاتە کاندیدێکی کۆدەنگی”.

ناوبراو زیاتر جەختیکردەوە “کۆبونەوەی شەوی چوار شەممەی رابردوو، بووەتە هۆی کشانەوەی سودانی و مالکی بەمەبەستی پێدانی دەرفەت بە روخساری نوێ، ئەمەش کارێکی جێگەی دەستخۆشییە”.

لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ بەڕێوەچوو، چوارچێوەی هەماهەنگی لە نێوان ئەندامەکانی و لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا کۆبوونەوە و گفتوگۆی ئەنجامداوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی پۆستی سەرۆک وەزیران، کە بەپێی پراکتیکی دامەزراو لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، تایبەتە بە ئەندامێکی پێکهاتەی شیعە.

لای خۆشیەوە، سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا ڕِایگەیاند، ئەو دوو کاندیدەی کە کێبڕکێیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی داهاتووی عێراق کردووە (محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا) لەبەرژەوەندی کاندیدێکی سازان، ئیحسان عەوادی، سەرۆکی ئەرکانی پێشووی عێراق کشاونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە نزیکە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە ئاژانسی (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاند، “گفتوگۆی بەردەوام لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەنێوان مالکی و سودانی ئەنجامدراوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، کە کۆتایی بەو مشتومڕانەی لە دەوری کاندیدی سەرۆک وەزیران هێنا، دوای ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتی پێداون بۆ چارەسەرکردنی ئەو چەقبەستووییە لە هەڵبژاردنی کاندیدەکەدا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوولا “لە میانەی گفتوگۆی ورد و درێژخایەندا، گەیشتنە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ هەڵبژاردنی ئیحسان عەوادی وەک کاندیدی سازان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتوو”. ئەلعەوادی بەڕێوەبەری نووسینگەی سودانییە لە ماوەی سەرۆک وەزیراندا.

لەم دواییانەدا، چەندین سەرچاوە ئەگەری ئەوەیان ڕەت نەکردەوە، کە هاوپەیمانییەکە کاندیدێکی سازشکردن بخاتەڕوو – کە هێشتا ناسنامەکەی ئاشکرا نەکراوە – بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی نوێ.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە “هەڵبژاردنی عەوادی پۆستی سەرجەم فراکسیۆنەکانی هاوپەیمانان کاریگەری لەسەر نابێت، چونکە ئەو کاندیدێکی سازانە و پەیوەندی بە هیچ گروپێکی سیاسی شیعەی تایبەت نییە”. بەڵام وتیشی، “هێشتا سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکە بە فەرمی لە کاندیدکردنی عەوادی ئاگادار نەکراوەتەوە”.

دەشڵێت: “ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی داهاتووی هێزە سیاسییە شیعەکاندا تاوتوێ دەکرێت. ئەگەر هەمووان هاوڕا بن، عەوادی وەک کاندیدی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی نوێ بەردەوام دەبێت. بە پێچەوانەوە هێزەکانی هاوپەیمانان دەست بە کۆبوونەوەکانیان دەکەنەوە بۆ کاندیدکردنی كەسێك، کە بەهرەمەند بێت لە پاڵپشتی هەموو لایەنە شیعەکان”.

بە وتەی سەرچاوەكە، “رێککەوتنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کشانەوەی لە کێبڕکێی پۆستی سەرۆک وەزیران بووە هۆی هەڵبژاردنی عەوادی، ڕۆژانی داهاتووش ڕاستییەکان ئاشکرا دەکەن”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە