هەمیشە فیلم و زنجیرە خەیاڵییە زانستییەکان وێنای مۆبایل و ئامێرێکیان کردووە کە خاوەن شاشەیەکی زیرەک بن و توانای کشان و گرژبوونیان هەبێت، بە جۆرێک شێوەکانیان بەپێی پێویست لەنێوان مۆبایلێکی بچووک و شاشەیەکی کارکردنی فراواندا بگۆڕدرێت.
بەڵام ئەمڕۆ ئەم خەیاڵە بووە بە ڕاستی و سامسۆنگ مۆبایلێکی بە دیزاینێکی بێ وێنە خستەڕوو کە شاشەیەکی هەیە کە لە چەند ئاستێکدا دەچەمێتەوە، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات لە ئامێرێکەوە کە قەبارەی مۆبایلی ئاساییە، بگۆڕدرێت بۆ شاشەیەکی گەورە کە نزیکە لە قەبارەی تابلێتەکان، هەموو ئەمانەش بەبێ ئەوەی توانای هەڵگرتنی لەناو گیرفاندا لەدەست بدات.
ئەم بیرۆکە پڕ بایەخە ڕەنگدانەوەی ئاڕاستەیەکی نوێیە لە جیهانی تەکنەلۆژیادا، کە تێیدا داهێنان تەنها لە باشترکردنی کامێرا یان خێرایی پڕۆسێسەردا قەتیس نابێت، بەڵکو دووبارە داهێنانەوەی شێوەی ئامێرەکە و ئەرکە ڕۆژانەکانیشی دەگرێتەوە.
سامسۆنگ لە میانی پێشانگای CES لە لاس ڤێگاس مۆبایلەکەی ئاشکرا کرد، ئەوەش دوای ئەوەی بە بڕێکی سنووردار لە کۆریای باشوور خستیە بازاڕەوە؛ بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی “CNN” ئەم هەنگاوە وەک تاقیکردنەوەیەکی سەرەتایی بۆ کاردانەوەی بەکارهێنەران بەرامبەر بە نەوەیەکی نوێی مۆبایلەکان دەبینرێت.
بەڵام سەرەڕای ئەوەی نرخەکەی بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە، پێشبینییەکان ئاماژە بۆ نرخێکی بەرز دەکەن، بەتایبەت کە مۆبایلی Galaxy Z Fold 7 — کە لە ڕووی چەمانەوەوە ئاڵۆزییەکی کەمتری هەیە — نرخەکەی لە 2000 دۆلارەوە دەست پێدەکات.


