میدیای فەرمی عێراق: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاتییە

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە بازاڕدا بەرزبوونەوەیەکی سنوورداری بەخۆوە بینی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە جووڵەی خواست و خستنەڕووجۆرێک لە نایەکسانی پێوە دیارە. هاوکات بانکی ناوەندیی عێراق جەختی لەسەر جێگیریی نرخی فەرمیی ئاڵوگۆڕ و نەبوونی هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی دارایی پەیرەوکراودا کردەوە.

نەبیل عەبادی، شارەزای ئابووری و دارایی ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕی تەوازیدا بۆ سێ هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەمیان پەیوەستە بە تاک ڕەهەندیی ئابووری عێراق و پشتبەستن بە نەوت دووەم کڕین و فرۆشتن لە بازاڕەکان و سێیەمیشیان پەیوەستە بەو کۆتوبەندە دەرەکییانەی کە خراونەتە سەر حەواڵە بانکییەکان.

وتیشی: ئاڵۆزییە گومرگییەکان لەرێگەی سیستەمی “ئەسیکۆدا” وایکردووە بەشێک لە خواست بۆ دۆلار ڕوو لە بازاڕ بکات، لە کاتێکدا دەنگۆ و ململانێی بازرگانان دەبنە هۆی گۆڕانکاری کورتخایەن لە نرخەکاندا.

لەلایەکی ترەوە، حەیدەر غازی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق، دووپاتی کردەوە کە نرخی فەرمی بە جێگیری دەمێنێتەوە کە ١٣٢٠ دینارە بۆ هەر دۆلارێک.

وتیشی، هەر بەرزبوونەوەیەک لە بازاڕدا دەرئەنجامی ئەو خواستەیە کە لە دەرەوەی سیستەمی بانکییە، بەتایبەت ئەو حەواڵانەی پەیوەستن بە ڕەسمی گومرگییەوە.

ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاند، عەبادی و شارەزایانی دیکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە چارەسەری نموونەیی پێویستی بە چاکسازیی پێکهاتەیی هەیە کە خۆی لە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، هاندانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و دووبارە ڕێکخستنەوەی کەرتی داراییدا دەبینێتەوە.

ڕۆژنامەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە چاوەڕوانیش دەکرێت ڕێکارە چاکسازییەکانی گومرگ و بانکی ناوەندی لە ماوەی داهاتوودا پەستانەکانی سەر بازاڕ کەم بکەنەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە