دوابەدوای ئەو باران و لافاوەی چەمچەماڵ و دەورووبەری گرتەوە، تەندروستی هەر لەو كاتەدا هۆشداری بڵاوبوونەوەی پەتای دابوو بەهۆی تەڕبوونی ماڵەكانەوە و داوای لە هاووڵاتیان كردبووو خۆیان گەرم دابپۆشن، هاوكات پزیشكێك دەڵێت: هیچ نەخۆشییەک بەهۆی لافاو و پیسبوونی ئاوەوە لە چەمچەماڵ بڵاونەبووەتەوە.
د. کارزان رەفیق، پسپۆڕی خۆپاراستنی تەندروستی و بەڕێوەبەری کارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیاری تەندروستی و پشکنینی ئاو و خۆراکی زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ، سەردانی 900 ماڵ کراوە و نزیکەی 4 هەزار هاونیشتمانیش هۆشیار کراونەتەوە.
وتیشی، “ڕێنمایی دراوەتە 22 خوێندنگەی چەمچەماڵ و هەزاران خوێندکاریش لە مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ خۆراک، خواردنەوە و ئاو هۆشیار کراونەتەوە”.
جەختیشی كردەوە، هیچ نەخۆشییەک بەهۆی لافاو و پیسبوونی ئاوەوە لە چەمچەماڵ بڵاونەبووەتەوە.
