لەگەڵ چڕبوونەوەی شەپۆلەکانی سەرما و بەفربارین کە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، گەنجانی شارەدێی دێرەلووک دەستپێشخەرییەکی مرۆیی و ژینگەدۆستانەیان ڕاگەیاند و ڕێکخراوی “پێنگاڤێن مە” هەڵمەتێکی فراوانی بۆ گەیاندنی خۆراک و دانەوێڵە بۆ ئەو باڵندە و ئاژەڵە کێوییانە دەستپێکرد کە بەهۆی بەفرەوە سەرچاوەی خۆراکیان نەماوە.
لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە، ههرێمی كوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەهێزی بەفربارین بووەوە و لەم ماوەیەدا سنووری پارێزگای دهۆک دوو جار کەوتە بەر کاریگەریی ئەم شەپۆلە.
شارۆچکەی ئامێدی و شارەدێیەکانی دەوروبەری پشکی شێریان لە بەفربارین بەرکەوت؛ بەجۆرێک لە سەنتەری قەزای ئامێدی ٩٥ سم، لە شارەدێی دێرەلووک ٣٩ سم، لە شارەدێی چەمانکێ ١٢٣ سم و لە شارەدێی کانی ماسێ ڕێژەیەکی پێوانەیی کە ١٧٧ سم بوو، تۆمارکرا.
هۆشیار محەمەد، بەرپرسی ڕێکخراوی “پێنگاڤێن مە”، لەبارەی ئامانجی ئەم هەڵمەتە ڕايگەیاند: “مەبەستمان لەم چالاکییە تەنها دابینکردنی خۆراک نییە، بەڵکو هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگەیە بۆ پاراستنی ژینگە”.
وتیشی: “لە ئێستادا کە بەفرێکی زۆر باریووە، گیانەوەران پێویستییان بە بەزەیی و میهرەبانیی مرۆڤەکانە. پێویستە هەمووان بزانن کە لەم کاتە سەختەدا نابێت پەنا بۆ کوشتن و ڕاوکردنی ئەم گیانەوەرە بێدەسەڵاتانە ببرێت، بەڵکو دەبێت ببینە پارێزەری ژیانیان”.
بەهۆی نیشتنی بەفرێکی ئەستوور و دروستبوونی سەرما و سۆڵەیەکی توند لە چیاکانی مەتین و گاڕە، باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکان ناتوانن بە ئاسانی خۆراک بدۆزنەوە و پەنا دەبەنە نزیک سنووری گوندەکان. ژینگەپارێزانی ناوچەکە بە تیمی جیاواز و لە ناوچە سەختەکاندا، بڕێکی زۆر دانەوێڵە و پاشماوەی سەوزەواتیان بڵاوکردووەتەوە تا ڕێگریی بکەن لەو ئاژەڵانە بەهۆی برسێتییەوە مردار دەبنەوە.
ئەم هەڵمەتەی گەنجانی دێرەلووک دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە و وەک نموونەیەکی جوانی هاوکاریی مرۆڤ بۆ سرووشت و ژینگە لە قەڵەم دەدرێت.


