دادگای تورکیا بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغا، سزای زیاتر لە ساڵێک زیندانی بەسەر هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەدا سەپاند.
ئەمڕۆ سێشەممە، میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، دادگا لە دۆسیەیەک کە بە ناوی سووکاتیکردن بە سەرۆک کۆمار لە دژی کراوەتەوە، سزای ساڵێک و پێنج مانگ و 15 ڕۆژ زیندانی بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلاندا سەپاند.
دانیشتنی کۆتایی دادگا سەبارەت بە دەمیرتاش لە دادگای تاوانەکانی مێرسین بەڕێوەچوو، بەڵام دەمیرتاش کە بەهۆی کەیسێکی دیکەوە لە ئەدیرنە زیندانیکراوە، بەشداری دانیشتنەکەی نەکرد.
پارێزەرانی دەمیرتاش ڕایانگەیاند بەهۆی ئەو داواکارییانەی لە دانیشتنی پێشوودا پێشکەشی دادگایان کردبوو، بەرگرییەکانیان ئامادە نەکردووە و داوای کاتی زیادەیان کرد بۆ وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتی داواکاری گشتی، بەڵام سەرۆکی دادگا داواکارییەکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە پێشتر کاتی پێویست دراوە.
دوای ئەم بڕیارە، پارێزەران بە هۆی پێشێلکردنی پرەنسیپی “بەرگری دادپەروەرانە” داوای “گۆڕینی دادوەر”یان کرد، بەڵام دادگا ئەم داواکارییەشی ڕەتکردەوە. هەروەها سەرۆکی دادگا ئاماژەی بەوە کرد کە داواکارییەکەی دەمیرتاش بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنەکەدا بەهۆی “بارودۆخی ئەمنی”یەوە ڕەتکراوەتەوە.
دەستەی دادوەران دوای گوێگرتن لە پارێزەران، سزای ١ ساڵ و ٥ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانیکردنی بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاشدا سەپاند بە تۆمەتی ئەوەی لە میانی وتارەکانیدا لە مێرسین و ئامەد چەند جارێک سووکایەتی بە سەرۆک کۆمار کردووە.
