ئیسرائیل چاوەڕێی “هەڵەیەکی کوشندە” لە ئێران دەکات

ئیسرائیل چاوەڕێی “هەڵەیەکی کوشندە” لە ئێران دەکات لە شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکان بۆ ئەوەی بیکاتە پاساوی دەستوەردانی سەربازیی لەو وڵاتەدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، ڕۆژنامەی “مەعاریف”ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە کە “ئیتر پرسیارەکە ئەوە نییە ئایا هەڵەکە ڕوودەدات یان نا، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کەی ڕوودەدات؟”. ڕۆژنامەکە پێشبینی دەکات ئەو هەڵەیە یان لە ڕێگەی “تەقەکردنی بەکۆمەڵ لە خۆپیشاندەران لە شارەکانی ئێران” بێت، یان “خستنە حاڵەتی ئامادەباشی سەکۆ مووشەکییەکان بۆ هێرشکردن”.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دوو ڕۆژ لەمەوبەر کۆبوونەوەیەکی ئەمنی تایبەتی ئەنجامداوە، کە یەکەم کۆبوونەوەی بوو دوای ئەو کۆبوونەوە لوتکەیەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتۆن ئەنجامیدا.

ئاماژە بەوەش کراوە کاتێک ناتانیاهو بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڕێکەوتووە، خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران لە سەرەتاکانیاندا بوون، بەڵام دواتر بە خێرایی پەرەیان سەندووە.

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بە گرنگییەکی تایبەتەوە چاودێری ئەگەری پەنابردنی ئێران بۆ پەرەسەندنی مووشەکی دەکەن، وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی لێکەوتەکانی ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان. ڕاپۆرتەکە دەڵێت دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خێراتر لە هەر هەواڵێکی ڕۆژانە پەرەدەسێنێت.

هەروەها “مەعاریف” ئاشکرای کردووە کە ناتانیاهو لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن، هەوڵی داوە گڵۆپی سەوز بەدەستبهێنێت بۆ جوڵەکردن دژی حزبوڵا لە لوبنان و توانا مووشەکییە بالیستییەکانی ئێران. ڕۆژنامەکە جەختی کردووەتەوە کە ئیسرائیل چیتر چاوەڕێی پەرەسەندنی بارودۆخەکە ناکات، بەڵکو پێی باشترە ڕووبەڕووی هەڕەشەکان ببێتەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە