دوای 11 ڕۆژ لە وەستانی هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەروازەی سنووری کێلێ، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، دەروازەکە بەڕووی هاتوچۆی گەشتیاریدا بکرێتەوە.
هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین بە میدیای پارتی ڕاگەیاند: ئەو ئاستەنگیانەی بەفر لە هەردوو دیوی سنوورەکە دروستی کردبوون زۆرن، بۆیە ئەمڕۆ تەنیا هاتوچۆی گەشتیاری ئاسایی دەکرێتەوە و هەوڵمان داوە بۆ سبەینێ چوارشەممە، هاتوچۆی بازرگانیش لەدەروازە سنووریەکە ئاسایی بکرێتەوە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، چەند دەروازەیەکی سنووری بەهۆی زۆری بەفربارینەوە هاتوچۆ لێیانەوە ڕاگیرا.
هاوکات دوێنێ دووشەممە، دەروازەی زێت لە ئیدارەی سەبەخۆی سۆران دوای چەند ڕۆژێک راگرتنی هاتوچۆ لە دەروازەکە بەهۆی بەفربارینەوە بەڕووی گەشتاراندا کرایەوە.
