ئیسرائیل: بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادەین ئەمەریکا فڕۆکەی F-35 بە تورکیا بفرۆشێت.
بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل دژایەتی توندی خۆیان بۆ ئەگەری فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری F-35 لەلایەن ئەمەریکاوە بە تورکیا دەربڕی و ڕایانگەیاند، تورکیا وڵاتێک نییە جێگەی متمانە بێت.
شارین هاسکێڵ، جێگری وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، نیگەرانی قووڵی وڵاتەکەی نیشان دا و ڕایگەیاند، ئیسرائیل بە هیچ جۆرێک ڕێگە بە فرۆشتنی ئەو فڕۆکە جەنگییانە بە تورکیا نادات. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە تورکیا هەر کاتێک بۆی بڕەخسێت، ئەو چەکە پێشکەوتووانە لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بەکاردەهێنێت.
هاسکێڵ ئاماژەی بە خاڵێکی تەکنیکی گرنگ کرد و وتی، بەشێکی بەرچاو لە تەکنەلۆژیای ناو فڕۆکەی F-35 لەلایەن ئیسرائیلەوە پەرەی پێدراوە، و تەکنەلۆژیای ئیسرائیلی نابێت ببێتە بەشێک لە هیچ ڕێککەوتنێکی سەربازیی نێوان ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە، بە تایبەت تورکیا.
ئیسرائیل پێیوایە تەلئەبیب ناتوانێت لەم پرسەدا هیچ متمانەیەک بە ئەنقەرە بکات.
ئەم لێدوانە توندەی بەرپرسەکەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوە دابوو کە واشنتن بیر لە فرۆشتنی ئەو فڕۆکانە بە تورکیا دەکاتەوە. ترەمپ جەختی کردبووەوە کە “دڵنیایی تەواوی وەرگرتووە” ئەو فڕۆکانە لە دژی ئیسرائیل بەکارناهێنرێن، بەڵام وەک دیارە ئەم دڵنیاییانە نەیانتوانیوە تەلئەبیب قایل بکەن.
