هەرێمی کوردستان “ساڵی تەڕ” بەڕێدەکات

مزگێنییەک بۆ جووتیاران؛ هەرێمی کوردستان “ساڵی تەڕ” بەڕێدەکات و کانییەکان دەبووژێنەوە.

بەرپرسانی کەرتی ئاو و شارەزایانی کشتوکاڵ ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی بارین و کۆبوونەوەی ڕێژەیەکی زۆری بەفر و باران لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هەرێمی کوردستان لە وشکەساڵی تێپەڕیوە و ئەمساڵ وەک “ساڵێکی تەڕ” پۆلێن دەکرێت.

ڕێبوار کاکەیی، بەڕێوەبەری ئاودێریی هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، بەپێی پێوەرە زانستییەکان، ئەمساڵ بە ساڵێکی تەڕ دادەنرێت. بارینی بەفر کە لە هەندێک ناوچەی شاخاوی گەیشتووەتە زیاتر لە مەترێک، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی هەبووە.”

ئاماژەی بەوەش کرد، کە نیشانەکانی بووژانەوەی کەرتی ئاو هەر لە ئێستاوە دەرکەوتوون و لە چەندین ناوچە کانییەکان تەقیون و ئاستی ئاو بەرزبووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بەهۆی توانەوەی بەفر و چوونی بۆ ناو قووڵایی زەوی، ئاستی ئاوی ژێر زەوی زیاتر بەرزببێتەوە.”

لەلایەکی دیکەوە، حوسێن حەمەکەریم، شارەزای بواری کشتوکاڵ، جەختی لەوە کردەوە کە ڕەوشی بارانبارین لە هەموو ناوچەکان زۆر باشە.

ناوبراو ڕایگەیاند، ئێمە وشکەساڵیی وەرزییمان تێپەڕاندووە. ئەگەر تا مانگی چوار و پێنجی داهاتووش بارانبارین بەردەوام بێت، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ دەبێت.

ئەم شارەزایە هۆشداریشی دا کە وشکەساڵیی ساڵانی ڕابردوو بە یەک ساڵ بەتەواوی قەرەبوو ناکرێتەوە، بەڵام ئەم ڕێژە زۆرەی بەفر و باران دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و بووژانەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە