بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کارەباى پارێزگاى سلێمانى نوێترین ئامارى بەرهەمهێنانى کارەباى لە ڕێگەى وزەى نوێبووەوە (سۆلار) ڕاگەیاند و ئاشکرای دەکات کە هاونیشتمانیان لە ڕێگەى ئەم سیستمەوە پارەیەکى زۆر بۆ خۆیان دەگەڕێننەوە.
سیروان محەمەد، وتەبێژى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کارەباى پارێزگاى سلێمانى لە لێدوانێکدا بۆ میدیای سەر بە یەکێتی ڕایگەیاند، هاونیشتمانیان لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى ٧٦.٣ مێگاوات کارەبا بە وزەى خۆر بەرهەمدەهێنن، ئەمەش وایکردووە بڕێکى کەمتر پارە بۆ کارەباى نیشتمانى خەرج بکەن و بارگرانیى سەر تۆڕى کارەباش کەمببێتەوە.
وتەبێژى کارەباى سلێمانى میکانیزمى سوودمەندبوونى هاونیشتمانیانى ڕوونکردەوە و دەڵێت “حکومەت کارەباکە لە هاونیشتمانیان وەردەگرێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر ماڵێک ١٠٠٠ کیلۆوات کارەباى نیشتمانى بەکارهێنابێت و لە بەرامبەردا ٤٠٠ کیلۆواتى بە سۆلار بەرهەمهێنابێت، ئەوا تەنیا پارەى ٦٠٠ کیلۆوات لەو هاوبەشە وەردەگیرێت.”
ئاماژەى بەوەش کرد، ئەگەر هاونیشتمانییەک بەرهەمى کارەباکەى زیاتر بێت لەو بڕەى بەکاریهێناوە، حکومەت بۆى هەڵدەگرێت و لە مانگەکانى دواتردا بۆى هەژمار دەکات، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ لە قازانجى هاونیشتمانیانە.
بەپێى دواین ئامارى بەشى وزە نوێبووەکانى کارەباى سلێمانى تاوەکو ڕێکەوتى ٤ـى ١ـى ٢٠٢٦، ژمارەى ئەو هاوبەشانەى سیستمى سۆلاریان داناوە گەیشتووەتە ٢ هەزار و ٥٩٠ هاوبەش، کە بەم شێوەیە دابەشبوون:
| جۆرى هاوبەش | ژمارەى هاوبەشان |
| ماڵان | ٢,١٦٣ هاوبەش |
| بازرگانى | ٣٣٧ هاوبەش |
| کشتوکاڵى | ٧٠ هاوبەش |
| پیشەسازى | ١٥ هاوبەش |
| میرى (حکومى) | ٥ هاوبەش |
ئەم ئامارە نیشان دەدات کە هۆشیاریى بەکارهێنانى وزەى پاک لەنێو ماڵەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هاونیشتمانیان زیاتر ڕوو لە دانانى ئەم سیستمە دەکەن.
