شارەزایەکی کەش و هەوا ئاماژە بە هاتنی شەپۆلێکی نوێی بەفر و بارانبارین دەکەن کە لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردی جەمسەری و شێی خولگەیی لە دەریای سوورەوە، پێشبینی دەکرێت لە نێوان ڕێکەوتی ٩ی ١ی ٢٠٢٦ بۆ ١٤ی ١ی ٢٠٢٦، شەپۆلێکی تری بەفر و بارانبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەپێی نەخشە کەشوهەواییەکان، ئەم شەپۆلە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوامی دەبێت.
گەڵۆزی ڕاشیگەیاند، لە ئێستادا شەپۆلەکە لە نەخشەکاندا بەدیارکەوتووە، بەڵام هێشتا بە تەواوی جێگیر نییە. چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بڕ و جۆری بەفر و بارانبارینەکە بە ڕوونی دیاری بکرێت.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر کاریگەری گۆڕانکارییە خێراکانی کەشوهەوادایە، بڕیار وایە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی شەپۆلەکە، زانیاری وردتر و نوێتر دەربارەی ئەو ناوچانەی زۆرترین بەفریان لێ دەبارێت بڵاوبکرێتەوە.
