بڵاوبوونەوەی چەند ڤیدیۆیەکی شانەهەنگ کە لەناو گۆڕێکدا لە گوندی “کەمایشە” لە پارێزگای مەنوفییە لە میسر دۆزراونەتەوە، شەپۆلێکی سەرسوڕمان و گومانی لەنێوان میسرییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست کردووە.
وردەکاریی چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە بۆ کاتی بەخاکسپاردنی تەرمی یەکێک لە دانیشتوانی گوندەکە، کاتێک خەڵکەکە گەیشتنە سەر گۆڕەکە و قوفڵە ئاسنینەکانیان کردەوە، تووشی شۆک بوون؛ چونکە بینینیان دەرگایەکی تری گۆڕەکە بە تەواوی بە شانەیەکی گەورەی هەنگ داپۆشراوە.
تەنها ئەو شانەیە نەبوو کە دەرگاکەی گرتبوو، بەڵکو خەڵکەکە ١٢ شانەی تری گەورەیان لەناو گۆڕەکەدا دۆزییەوە کە بەدوای یەکدا ڕیز ببوونی و ئەوەندە پڕ بوون لە هەنگوین، زەوی گۆڕەکە و ئێسک و پروسکی مردووەکانی ناو گۆڕەکەیان داپۆشتبوو.
بەهۆی ئەم ڕووداوە، ئامادەبووان ناچار بوون مردووەکە لە گۆڕێکی تری نزیک ئەوێ بنێژن، پاشان تیمێکی شارەزایان لە بواری بەخێوکردنی هەنگدا بانگ کرد بۆ لابردنی شانەکان، لە دیمەنێکی نامۆدا کە بووە جێی سەرنج و تێڕامانی هەموان.
تیمە تایبەتەکە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژی بەردەوام کاریان کرد بۆ دەرهێنانی شانەکان و توانییان ٢٥ کیلۆگرام هەنگوینی پاک دەربهێنن. دوای دڵنیابوونەوە لە لایەنی تەندروستی، هەنگوینەکە بە خۆڕایی بەسەر خەڵکی گوندەکەدا دابەشکرا، سەرەڕای ئەو مشتومڕەی کە بەهۆی سەرچاوە نامۆکەیەوە دروست ببوو.
ئەوەی لەم چیرۆکەدا جێی سەرنجە ئەوەیە کە گۆڕەکە ماوەی ٥ ساڵ بووە نەکراوەتەوە و بە دەرگایەکی ئاسنین و قوفڵی توند داخرابوو، بە وتەی خەڵکی ناوچەکەش هیچ ک کون و کەلێنێکی تێدا نەبووە، ئەمەش بوونی هەنگ لەناو گۆڕەکەدا دەکاتە مەتەڵێکی بێ وەڵام.
ئەوەی زیاتر گومانی دروست کردووە ئەوەیە کە هەنگ زۆربەی کات لە شوێنە نزیکەکانی سەرچاوەی خۆراک شانە دروست دەکات، ئەمەش وا دەکات بوونی لەناو گۆڕێکی داخراودا وەک کارێکی مەحاڵ دەربکەوێت؛ چونکە هەنگ پێویستی بە هاتنە دەرەوە هەیە بۆ مژینی شیلەی گوڵ و خواردنەوەی ئاو بۆ دروستکردنی هەنگوین و بونیادنانی شانەکان.
ئەو لێکدانەوەیەی کە زۆرینە بە لۆژیکی دەزانن ئەوەیە کە گۆڕەکە بە تەواوی دانەخرابوو، یان دیوارەکانی کونی زۆر بچووکیان تێدا بووە کە هەنگەکان لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا لێوەی هاتووچۆیان کردووە، ئەمەش لە ڕووی زانستییەوە گونجاوترین تەفسیرە بۆ ڕووداوەکە.
سەرچاوە، ڕاپۆرتی کەناڵی جەزیرە, ڤیدیۆکە لێرەوە ببینە.
