پەروەردەی سۆران لەبارەی پشووی سبەینێ ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت” دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی پشوو درایە پەروەردەی قەزاکان”.
بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان و مامۆستایان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سۆران بڕیارێکی نوێی لەبارەی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن دەرکرد و دەسەڵاتی بڕیاردانی گەڕاندەوە بۆ قەزاکان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سۆران ڕایگەیاند،”لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دوای ڕاوێژ لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بڕیاردرا بە پێدانی دەسەڵات بە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان بۆ دیاریکردنی پشوو.”
ئەم بڕیارە بە ڕاوێژ لەگەڵ قائیمقامی قەزاکان جێبەجێ دەکرێت و تیایدا ڕەچاوی بارودۆخی جوگرافی بەپێی شوێنی قوتابخانەکان و دوورییان، هاوکات لێکدانەوە بۆ دۆخی کەش و هەوا و ڕادەی سەرما و بارانبارین، و سەرنجدان لە ئەگەری دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ بەهۆی بەستنی ڕێگاکان.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو مامۆستا و قوتابیانەی نیشتەجێی قەزایەکن و بۆ دەوامکردن دەچنە قەزایەکی تر، ئەگەر بەهۆی کەشوهەواوە تووشی ئاستەنگی هاتووچۆ بوون، دەتوانن دەوام نەکەن.
پەروەردەی سۆران جەختی کردەوە کە “هیچ ڕێکارێکی یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر ئەو مامۆستا و قوتابیانە ناگیرێتە بەر، و ئەم بڕیارانە لەپێناو پاراستنی سەلامەتی گیانی پەروەردەکاران و قوتابیاندایە لەو ناوچانەی کە بەهۆی سەرما و شەختەوە هاتوچۆیان تێدا قورس دەبێت”.
