میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، نیکۆلاس مادۆدرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لەلایەن هێزی دەلتای سوپای ئەمریکاوە دەستگیرکراوە، ئەمەش هەر هەمان ئەو هێزەیە کە ئەرکی دەستگیرکردنی سەدام حسێن، سەرۆکی ڕژێمی پێشووی عێراق و کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، سەرۆکی ڕێکخراوی تیرپرسیتی داعشی پێ سپێردرابوو.
هێزی دەلتا کە بە فەرمی بە “یەکەی یەکەمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا ناسراوە، یەکێکە لە نهێنیترین و بەهێزترین یەکە سەربازییەکانی جیهان.
ئەم هێزە ساڵی ١٩٧٧ لەلایەن عەقید چارڵز بێکویێس دامەزرا کە ماوەیەک لەگەڵ هێزی (SAS)ی بەریتانی کاری کردبوو و پێی وابوو سوپای ئەمریکا پێویستی بە هێزێکی هاوشێوە هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئۆپەراسیۆنی زۆر ورد.
ئەرکە سەرەکییەکان
ئەرکەکانی دەلتا فۆرس زۆر هەستیارن و زۆربەی کات بە نهێنی دەمێننەوە، گرنگترینیشیان ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە چەکدارییەکان لە هەر شوێنێکی جیهان.
ڕزگارکردنی بارمتە: بەتایبەت ئەو بارمتانەی پلەی بەرزیان هەیە یان لە دۆخی زۆر ئاڵۆزدان.
دەستگیرکردنی ئامانجە گرنگەکان: وەک سەرکردە تیرۆریستەکان و تاوانبارانی جەنگ.
سیخوڕی و چاودێری: کۆکردنەوەی زانیاری لە پشت هێڵەکانی دوژمن پێش دەستپێکردنی جەنگ.
هەڵبژاردن و ڕاهێنان
پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی هێزەکە زۆر قورسە؛ تەنها ئەو سەربازانەی کە لە ناو سوپای ئەمریکادا (بەتایبەت لە ڕێنجەرز و هێزە تایبەتەکان) ئەزموونیان هەیە، دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن.
بە پێی زانیارییەکان کەمتر لە ٥٪ بۆ ١٠٪ی بەشداربووان دەتوانن قۆناغەکانی تاقیکردنەوە ببڕن و ئەندامانی ئەم هێزە ڕاهێنانی چڕ لەسەر نیشانەشکێنی، شەڕی ناو شار، بەکارهێنانی تەقەمەنی، و زمانە بیانییەکان دەبینن.
ئۆپەراسیۆنە بەناوبانگەکان
هەندێک لەو کارانەی کە هێزی دەلتا ئەنجامیداون و میدیاکان ئاشکرایان کردووە بریتین لە:
ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی سەدام حسێن، دەلتا فۆرس دەورێکی سەرەکی هەبوو لە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣.
کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، لە ساڵی ٢٠١٩دا، ئەم هێزە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی سەرۆکی داعشیان لە سووریا ئەنجامدا.
کوشتنی ئەبو سەییاف، یەکێک لە بەرپرسە داراییە گەورەکانی داعش لە دێرەزوور.
جیاوازی دەلتا فۆرس و سیڵ تیم
زۆر کەس ئەم دوو هێزە تێکەڵ دەکەن، بەڵام
SEAL Team: سەر بە هێزی دەریاییە و زیاتر لە ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان شارەزان.
Delta Force: سەر بە هێزی وشکانییە و پسپۆڕی سەرەکییان شەڕی وشکانی و دژەتیرۆرە لە ناو شارەکاندا.





