بۆ ڕێگرن لە بەرزبوونەوەی نرخ، ٧٠ تۆن برنج بە نرخی پاڵپشتیکراو لە شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابەش دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، نەژاد جیهانی، قائیمقامی مەریوان ڕایگەیاند: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، ٧٠ تۆن برنجی پاڵپشتیکراو دابەش دەکرێت، ئەمەش بە مەبەستی دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییەکانی هاووڵاتیان و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان.
نەژاد جیهانی لە کاتی بەسەرکردنەوەی بازاڕی مەریوان، دۆخی دابینکردن و دابەشکردنی کەلوپەلە بەکاربردنەکان، چۆنیەتی نرخاندنی کاڵاکان و ئاستی چاودێری بازاڕی تاوتوێ کرد.
ناوبراو جەختی لە پێویستی چاودێری بەردەوام و وردی بازاڕ کردەوە و داوای لە دەزگا چاودێرییەکان کرد بە توندی و بێ چاوپۆشی ڕووبەڕووی هەر جۆرە سەرپێچییەک، گرانفرۆشی و قۆرخکارییەک ببنەوە.
قائیمقامی مەریوان وێڕای جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی پێویستی کاڵا بنەڕەتییەکان، ڕایگەیاند: هیچ جۆرە کەمییەکی کاڵا بنەڕەتییەکان لە شارەکەدا نییە و دەزگا جێبەجێکارەکان ئەرکدارن بە هەماهەنگی تەواو، هەلومەرجی دەستڕاگەیشتنی ئاسان و دادپەروەرانەی هاووڵاتیان بۆ کاڵا پێویستەکان بڕەخسێنن.
لەو بەسەرکردنەوەیەدا، ئەندامانی لیژنەی ڕێکخستنی بازاڕ ڕاپۆرتێکیان دەربارەی پرۆسەی دابەشکردنی کاڵاکان، دۆخی کۆگاکانی کاڵا بنەڕەتییەکان و ڕێکارە چاودێرییە ئەنجامدراوەکان پێشکەش کرد.
