ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح دەستبەكاربوو

ئەمڕۆ، پێنجشەممە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، بە فەرمی لە پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) دەستبەکاربوو، وەک جێگرەوەی فیلیپۆ گراندی.

د. بەرهەم ساڵح دەبێتە دوانزەهەمین کەسایەتی کە ئەم پۆستە نێودەوڵەتییە هەستیارە وەربگرێت. ناوبراو لە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرا و بڕیارە بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە ئەرکەکەیدا بەردەوام بێت.

لە یەکەم لێدوانیدا لە دوای دەستبەکاربوونی، د. بەرهەم ساڵح لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) نووسیویەتی”ئەمڕۆ وەک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران دەستبەکاربووم. لەگەڵ هاوبەشەکانمان کار دەکەین بۆ پاراستنی پەنابەران، گەیاندنی هاوکاری و دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی ئاوارەکان بووەتەوە لە جیهاندا، کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس دروست کردووە.”

دەستبەکاربوونی د. بەرهەم ساڵح لە کاتێکدایە کە جیهان بەدەست چەندین قەیرانی ئاوارەیی و کۆچی زۆرەملێوە دەناڵێنێت. شارەزایان پێیان وایە ئەزموونی سیاسی و دیپلۆماسی ناوبراو دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هاوکاریکردنی هاووڵاتیان و پەنابەران لە ناوچە گەرمەکانی جیهاندا.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە