ئێمە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان

ئابوری

یاسین مەحمود ڕەشید: ئەم كابینەیە و كارنامەكەی ئاڕاستەی ئابوریی هەرێمی گۆڕی


خەڵك- بەشی هەواڵ

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ڕایگەیاند، كابینەی نۆهەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كارنامەكەی ئابوری هەرێمی كوردستانی گۆڕی و پێشبینی ئەوەشدەكات قەبارەی وەبەرهێنان لەم كابینەیەدا بگاتە 100 ملیار دۆلار.

یاسین مەحمود ڕەشید، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی باس، چەند پرسێكی پەیوەست بە وەبەرهێنانی خستووەتەڕوو.

ناوبراو وتویەتی” ئەم كابینەیە و كارنامەی كابینەكە، ئاڕاستەی ئابووریی هەرێمی كوردستانی گۆڕی، پێشووتر وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت بەراورد بە پارچەكانی تری عیراق گەشەی كردبوو، بەڵام ئەم كابینەیە دەیەوێت ژێرخانی راستەقینە بۆ ئابووریی هەرێمی كوردستان دروست بكات، چونكە ژێرخانی ئابووریمان لاوازە و تاوەكوو ئێستاش بەكارهێنەری وڵاتانین”.

وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان هەر لە قسەكانیدا باسی لەو كۆبوونەوەیەی كردوە، كە لە كۆتایی مانگی رابردوودا، سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ وەبەرهێنەرانی ناوخۆدا كردی، لەمبارەوە وتویەتی”ئەو كۆبوونەوەیە گرنگ و پڕ بایەخ بوو، كە سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ وەبەرهێنەرانی كوردستاندا كردی، لە پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەتدا دەركەوت، ئەمساڵ پلان هەیە بۆ ئەوەی گەشەی ئابووریی هەرێمی كوردستان زۆر بە جوانی دەست پێ بكاتەوە. جێگای دەستخۆشییە، كە لە پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەتدا ئەوە ڕاگەیەندرا، بۆ لەمەودوا هیچ كەسێك ناتوانێت ڕۆتین بۆ پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دروست بكات، هەر كەسێكیش ڕۆتین و مامەڵەی وەبەرهێنەران دوابخات، بەدڵنیاییەوە رووبەڕووی لێپێچینەوەی توند دەبێتەوە”.

یاسین مەحمود ڕەشید ڕونیكردەوە، یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، 18 خاڵی زۆر گرنگیان پێشكەشی سەرۆكی حكوومەت كردووە، بۆ ئەوەی بتوانن بە هەموو لایەك ئەو بەربەست و كێشە و گرفتانەی لەبەردەم وەبەرهێنان و كەرتی تایبەتدا هەن، نەیانهێڵن.”هەموو هەوڵێكی خۆمان دەدەین، تا ئەو نەخشەیەی وەبەرهێنان جێبەجێ بكرێ، لایەنە پێوەندارەكانی باری وەبەرهێنان لەو نەخشەیەدا رۆڵیان هەبووە و چاوەڕوانین جێبەجێ بكرێ”.

روونیشی كردەوە، لە كابینەی نۆیەمدا قەبارەی وەبەرهێنان زۆر بەرز دەبێتەوە”پێشبینیی من وایە، تا كۆتایی كابینەی نۆیەم، قەبارەی وەبەرهێنان، كە ئێستا 53 ملیار دۆلارە، دەگاتە 100 ملیار دۆلار، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، حكوومەت كاری باشی دەست پێكردووە و هەوڵی ئەوەش دەدات یاسای باش دەربكرێت و چەند یاسایەكیش هەموار دەكرێنەوە”.

ئاشكراشی كرد، لە هەرێمی كوردستان 1000 وەبەرهێنەری خۆماڵی هەن، گوتیشی: “27%ی كۆی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بیانی و هاوبەشن، ئەوانی تریش هەمووی خۆماڵین و وەبەرهێنەری خۆمان كردوویانە”.

جەختیشی كردەوە، چەندین وەبەرهێنەری ئێرانی بەهۆی خراپیی دۆخی ئابووری و وەبەرهێنان لە وڵاتەكەیان هاتوونەتە هەرێمی كوردستان، گوتیشی: “دۆخی ئابووریی ئێران زۆر خراپ بووە، باشترین رێگاچارەش بۆ وەبەرهێنەرەكانیان هەرێمی كوردستانە، بۆیە زۆریان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، هەندێك وەبەرهێنەری بیانیش لە توركیا كۆچیان كردووە و دەیانەوێت بێنە هەرێمی كوردستان”.

سەبارەت بە ملیادێر و ملیۆنەرەكانی هەرێمی كوردستانیش ناوبراو وتویەتی”9 كەس و كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان ملیاردێرن، ملیۆنێرەكانیش 4 بۆ 5 هەزار كەس دەبن، كە سامانیان لە سەرووی یەك ملیۆن دۆلارەوەیە”.

ئابوری

ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا مووچە وەردەگرێت


خەڵك-بەشی هەواڵ

بەپێی ئەو خشتەیەی پێشتر وەزارەتی دارایی بڵاویكردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ یەك شەممە 5-4-2020 مووچەی مانگی 12ی ساڵی ڕابردووی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت.

بەپێی زانیارییەكانیش دابەشكردنی مووچە لە ڕۆژانی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئەمەش لەكاتێكدایە مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ هیچ وادەیەك دیاری نەكراوە بۆ دابەشكردنی.

بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنن، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و داخستنی سەرجەم چالاكییە ئابوورییەكان، داهاتی حكومەتی هەرێم لە سفر نزیك بووەتەوە، بەو هۆیەشەوە دابەشكردنی مووچەی لەكاتی خۆیدا دابەش ناكرێت.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

پەڕلەمانتارێكی لیژنەی دارایی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕوونكردنەوە دەدات


خەڵك – بەشی هەواڵ
ئەندامێكی لیژنەی دارایی و ئابووری پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، سەرباری كێشەی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، عیراق گرفتی دابینكردنی مووچەی نیە، دەشڵێت: “پشكی هەرێم بەیاسا پارێزراوە و هیچ كێشەیەكی نیە”.

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری پەڕلەمانی عیراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووك ڕایگەیاندووە، سەرباری كێشەی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، عیراق گرفتی دابینكردنی مووچەی نیە، ئەو پڕوپاگەندانەی گوایا عیراق ناتوانێ مووچە دابین بكات دوورن لە ڕاستیەوە.

دەشڵێت: “زیاد لەجارێك بەرپرسانی بانكی ناوەندی بەفەرمی سەبارەت بە دابینكردنی مووچە حكومەتی عیراقیان دڵنیاكردۆتەوە، نرخی نەوتیش ئاوا نامێنێتەوە”.‬

ڕاشیگەیاندووە، ‫پشكی هەرێم بەیاسا پارێزراوە و هیچ كێشەیەكی نیە، تا پەسەندكردنی بودجەی ۲٠۲٠، لە سەر بنەمای بودجەی ۲٠۱۹ و بە گوێرەی یاسای ئیدارەی مالی پشكی هەرێم پشتیوانی یاسایی هەیە و دەبێ بنێردرێ، بۆیە باسی برینی پشكی هەرێم جا هەر پەڕلەمانتارێكی عەرەب یا كورد بیكات، تەنها بۆ موزایەدە و بازرگانی سیاسیە.‬

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

ئابوری

“هەر خێزانێك بڕی 150 هەزار دیناری وەك هاوكاری پێ‌ دەدرێت”


خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی عیراق بڕیاری دا هەر خێزانێك، كە مووچە لە حكومەت وەرناگرێت مانگانە بڕی 150 هەزار دیناری پێ‌ بدات ئەوەش بەهۆی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ و ڕاوەستانی كار و كاسبی هاووڵاتیان.

عەبدولزوهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هاوكارییەكی بەپەلە دەدرێت بەو خێزانانەی مووچەخۆری حكومەت نین و هیچ سەرچاوەیەكی داراییان نییە یان سوودمەند نین لە تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی.

ڕاشیگەیاندووە، كە هاوكارییەكە بڕی 150 هەزار دنیاری مانگانەیە و بۆ ڕێگری كردنە لە قەیرانی دارایی لای هاووڵاتیان، چونكە بەهۆی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆوە كار و كاسبی هاووڵاتیان ڕاوەستاوە.

ئاشكراشی كردووە، كە وەزارەتەكەیان داتابەیسی هەیە بۆ تۆماركردنی ناوی ئەو خێزانانەی لەخوار هێڵی هەژارییەوە دەژین و هاوكات سوودیشیان لە لیستی كۆبۆنی خۆراكی وەزارەتی بارزگانی وەرگرتووە.

وتیشی، “لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بڕی 300 ملیار دینار تەرخان كراوە بۆ پڕۆسەكە و بەم زووانە دابەش دەكرێت”.

بەردەوام بە لە خوێندنەوە

کوردستان