بەغدا دەستی بە دابەشکردنی مووچەی ساڵی نوێ کرد؛ هەرێمی کوردستان بە قەرزاریی دوو مووچەوە پێشوازی لە ٢٠٢٦ دەکات
لە کاتێکدا دەستەی نیشتمانیی خانەنشینی لە عێراق یەکەم مووچەی ساڵی نوێی خەرج کرد، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٢٥یان بە نادیاریی چارەنووسی دوو مووچە کۆتایی پێهێنا.
ئەمڕۆ دەستەی نیشتمانیی خانەنشینی عێراق بە فەرمی ڕایگەیاند “دەستکراوە بە خەرجکردنی مووچەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بۆ مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦.” پڕۆسەکە بە شێوەی پلەبەندی دەستیپێکردووە و سەرجەم خانەنشینان لە ڕێگەی کارتە بانکییەکانیانەوە شایستە داراییەکانیان وەردەگرن.
لە بەرامبەردا، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی نادیارەوە چوونە ناو ساڵی نوێوە. هەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٢٥ی تەنیا بە دابەشکردنی ١٠ مووچە بەڕێکرد. تاوەکو ئێستا چارەنووسی مووچەکانی مانگی ١١ و ١٢ی ٢٠٢٥ بە نادیاری ماوەتەوە و هیچ وادەیەک بۆ دابەشکردنیان دیاری نەکراوە.
ئەم جیاوازییە لە کاتێکدایە کە فەرمانبەرانی هەرێم چاوەڕوانیان دەکرد پێش سەری ساڵ شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج بکرێت، بەڵام بەهۆی کێشە بەردەوامەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی مووچە، ساڵی ڕابردوو بە کورتهێنانی دوو مووچە کۆتایی هات، وا ئەمساڵێش تا ئێستا هیچ گەرەنتییەک بۆ وەرگرتنەوەی مووچە نادیارەکانی ساڵی ٢٠٢٥ نییە.
