شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، بەفر بارین لە بەشێكی زۆری ناوچەكانی هەرێم دەستی پێكردووە و ئەمشەو دەگاتە سلێمانی و هەڵەبجە و دەورووبەری و تا سبەینێ بەردەوام دەبێت.
زەكەریا كانی پاشایی، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەنیوەڕۆی ئەمرۆ بەفربارین لەناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردوە لەبەشێکی ناوچەکانی هەولێر و تەواوی دهۆک و سۆران و قەرەهەنجێر و بەشێکی تری ناوچەکان ناو بەناو بەفری باش باریوە و زەوی سپی پۆش بووە.
ڕاشیگەیاند، لەچەند کاتژمێری داهاتوودا بەفربارین دەگاتە سەنتەری شاری سڵیمانی و هەڵەبجە و قەرەداغ و سەنگاو و تەواوی ناحیە و قەزا و گوندەكانی دەورووبەریان و ئەمشەو بەفری باش دەبارێت.
وتیشی، “یەک ڕووداوی دەگمەن وەک ساڵانی پێشوو ڕِوویدا، ئەمشەویش لەسنوری سڵیمانی ڕووئەدا لەگەڵ هاتنی ئەو بەفربارینە هەورەبروسکە ڕِووئەدا”.
