فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەر ڕێکارێکی یاسایی و پێویست بێت، دەیگرینەبەر بۆ پێدانی مووچەی مانگەکانی ١١ و ١٢ لە ساڵی ٢٠٢٦دا و دەشڵێت: دەسەڵاتدارانی هەرێم بێ خەمن لە مووچەی هاووڵاتیان.
فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، دەسەڵاتدارانی هەرێم بێ خەمن لە مووچەی هاوڵاتیان و ساڵانە چەندین مووچە بە داهێنانی ناوی نوێ دەفەوتێنن بەناوی ،پاشەکەوت و لێبڕین و خۆگونجاندن و نەدان.
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەداخەوە دیسان بۆ جارێکیتر مووچەخۆرانی هەرێم کرانە قوربانی ململانێی نێوان حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێم ، وە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەستکەوتی سیاسی و پۆستی حکومی پێش بەرژەوەندی هاوڵاتیان خرا، دەبوو لەبری ئەو هەموو هەڵپە و هاتووچۆ بۆ بەغدا و پێشوازی لە وەفدی لایەنەکان، بۆ جارێکیش لە خەمی هاوڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێم بونایە …
دەسەڵاتدارانی هەرێم بێ خەمن لە مووچەی هاوڵاتیان و ساڵانە چەندین مووچە بە داهێنانی ناوی نوێ دەفەوتێنن بەناوی ،پاشەکەوت و لێبڕین و خۆگونجاندن و نەدان…..هتد
بەداخەوە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێم بە تایبەت هەردوو لایەنی دەسەڵات یەکڕیز و یەک هەڵوێست نیین ،بەرامبەر بە غدا و تاک لایەنانە لە دانوستان بەردەوامن و لەم نێوەندەدا ، زیانمەندی سەرەکی هاوڵاتیانن..
پێویستە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لە ئێستادا بکەنە ئەولەویەت لەدانوستانەکان و هەوڵبدرێت
هەموو لایەنەکان بە مەرجی پێدانی مووچە و مافە دەستووریەکان و شایستە داراییەکان و هەروەها مووچەی مانگی ١١,١٢ دەنگ بە کاندیدەکان و بەشداری لە حکومەتی ئیتیحادی بکەن…
ئێمە لە فراکسیۆنی یەکگرتوو هەر ڕێکارێکی یاسایی وپێویست بێت دەیگرینەبەر بۆ پێدانی ئەو دوو مووچە لە ساڵی ٢٠٢٦
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
لە پەرلەمانی کوردستان
