نزمەپاڵەپەستۆیەکی جەمسەری هەرێم دەگرێتەوە؛ شەپۆلێکی بەفر و بارانی بەخوڕ لە ڕێگەیە، ئامادەبن بۆ بەفر و بارانی زیاتر.
شارەزای کەشناسی، زەکەریا کانی پاشایی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانەی ئێستا ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بۆ ئەمشەو لاواز دەبێت، بەڵام لە دوای نیوەڕۆی سبەینێوە (دووشەممە ٢٩ی کانوونی یەکەم) نزمەپاڵەپەستۆیەکی جەمسەری ڕوو لە ناوچەکە دەکات.
زەکەریا کانی پاشایی ئاماژەی بەوەدا، لە کاتەکانی بەربەیان تا نیوەڕۆی سبەی، ئاسمانی هەرێم لە نێوان ساماڵ و نیوە هەوردا دەبێت، بەڵام لە دوای نیوەڕۆوە نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای ڕەش کە لە تورکیاوە دێت، دەگاتە ناوچەکە و شەپۆلێکی بەفربارین لە پارێزگای دهۆک و ناوچەکانی بادینان، ئامێدی، سۆران، مێرگەسۆر و حاجی ئۆمەران دەستپێدەکات.
ئەو شارەزایەی کەشناسی بۆ (خەڵک) وتیشی “لە ئێوارە و شەوی دووشەممەدا، شەپۆلەکە فراوان دەبێت و ناوچەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، پێنجوێن، قەرەداغ، ڕانیە و قەلادزێ دەگرێتەوە. هەروەها پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی شەپۆلەکەدا، بەفربارین بگاتە ناو سەنتەری شاری سلێمانی و بەشێک لە شاری هەولێریش.”
بەپێی پێشبینییەکانی کانی پاشایی، لەو ناوچانەی ٥٥٠ بۆ ٦٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزن (وەک گۆیژە، ئەزمەڕ، سیتەک و مێرگەپان) بەفر دەبارێت. هاوکات بۆ ناوچەکانی کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان، پێشبینی دەکرێت سبەی شەو شەپۆلێکی بارانی زۆر باش و بەخوڕ ببارێت.
زەکەریا کانی پاشایی هۆشدارییدا کە پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و ئەگەری دروستبوونی شەختە و بەستن لە ڕێگاوبانە شاخاوییەکاندا هەیە، بۆیە پێویستە شۆفێران ئەوپەڕی وریایی بگرنە بەر.
