هۆشدارییەکی بەپەلە بۆ شۆفێران؛ شەپۆلێکی بەفر و بەستن ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی دەگرێتەوە
بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و دەستپێکردنی بەفربارین، لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشداریی توند دەدەنە شۆفێران و هاووڵاتیان تاوەکو لە پێناو سەلامەتیی خۆیان، پابەندی ڕێنماییەکان بن.
لە ئێستادا لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەفربارین دەستیپێکردووە. پێشبینی دەکرێت لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتەکانی ئێوارە، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزن، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی شەختە و بەستن لەسەر شەقامەکاندا.
هاتووچۆی سلێمانی ئاگاداری بەپەلە بە شۆفێران دەدات و دەڵێت، داوادەکەین هاووڵاتیان و شۆفێران بۆ کاری ناچاری نەبێت سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکەن، چونکە بەهۆی بەفر و بەستنەوە ڕێگاکان مەترسیدار دەبن.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو شۆفێرانەی لەسەر ڕێگاکانن، پێویستە بەوپەڕی وریاییەوە و بە خێراییەکی کەم شۆفێری بکەن بۆ ئەوەی لە ڕووداوی نەخوازراو بەدوور بن، و دڵنیاببنەوە لە کارکردنی سیستەمی گەرمکەرەوە و لایتەکانی ئۆتۆمبێل پێش بەکارهێنانی ڕێگاکان.
ئەم هۆشدارییە بۆ پاراستنی گیانی هەموانە، تکایە بۆ ئەوەی کاتەکانتان بە خۆشی بمێنێتەوە و تووشی هیچ گرفتێک نەبن، هاوکاری تیمەکانی هاتووچۆ و فریاگوزاری بن.
