وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی جوتیاران و ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی، بڕیاری دا بە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ١١ بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری.
مەهدی زەمەد قەیسی، ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، سیاسەتی هاوردەکردن لە وڵاتدا لەسەر بنەمای (ساڵنامەی کشتوکاڵی) جێبەجێ دەکرێت. ئەم ساڵنامەیە بەپێی ئاستی پێویستی بازاڕ و بڕی بەرهەمی ناوخۆیی بەردەوام گۆڕانکاری تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە نێوان نرخ و خواستدا دروست ببێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ لیستی ئەو بەرهەمانەی بڵاوکردەوە کە لە ئێستادا هاوردەکردنیان بۆ ناو خاکی عێراق قەدەغەیە، کە بریتین لە، (چەوەندەر، شەڵغەم، کاهوو، کەلەرم، قەیسی، کولەکە، باینجان، پەتاتە، مریشک، هەنگوین، خورما).
سەبارەت بە بەرهەمی تەماتە، ڕاوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد، کە لە ئێستادا هاوردەکردنی ڕێگەپێدراوە بۆ ئەوەی نرخەکەی لە بازاڕدا بە جێگیری بمێنێتەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆیی لە داهاتوودا، هاوردەی ئەویش قەدەغە بکرێت.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، قەیسی وردەکاری پلانی کشتوکاڵی زستانەی خستە ڕوو و ڕایگەیاند، ڕووبەری دیاریکراو بۆ چاندن ٤.٥ ملیۆن دۆنم زەوی هەیە کە ٣.٥ ملیۆن دۆنم پشت بە ئاوی ژێر زەوی دەبەستێت، و ١ ملیۆن دۆنم پشت بە ئاوی سەرزەوی (ڕووبارەکان) دەبەستێت.
ئەم بڕیارانەی وەزارەت لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات کەمتر پشت بە بەرهەمی دەرەکی ببەستێت و کەرتی کشتوکاڵ وەک سەرچاوەیەکی گرنگی داهات ببووژێنێتەوە.
