سەرەڕای ناردنی 120 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە وەک داهاتی نانەوتی بۆ مانگی 10، تا ئێستا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە ڕەوانە نەکراوە و بڕیارە لە سبەینێوە دەست بە ڕێکارەکانی ناردنی پارە بکرێت.
میدیای پارتی بڵاویکردەوە، “هێشتا مووچەی زۆربەی وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵ دابەش نەکراوە، بەهۆی ئەوەی بەغدا کێشەی کەمیی پارەی نەختینەی هەیە، ئەمەش کاریگەریی خستووەتە سەر دواکەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم”
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە سبەینێ یەکشەممە 28ی کانوونی یەکەم، ڕێکارەکانی ناردنی مووچە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەست پێبکەن و ئەگەر ڕێکارەکان تەواو بن، هەر سبەینێ مووچەکە دەنێردرێت، ئەگەر نا دەکەوێتە ڕۆژی دووشەممە.
هاوکات، موزهیر محەممەد ساڵەح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراق-ی ڕاگەیاندووە: داهاتیی گشتیی ئێستای عێراق بەشی پێداویستییە سەرەکییەکانی حکوومەت، لە سەرووی هەموویانەوە مووچە و چاودێرییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات؛ کە مانگانە، دەکەنە نزیکەی هەشت تریلیۆن دیناری عێراقی.
