پەرلەمانتارێكی كورد لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، تەنها دوو ڕێگا هەیە بۆ ڕێگری لە نەفەوتانی دوو مووچەی كۆتایی ئەمساڵ و دەشڵێت: دانانی مەرج بۆ كابینەی نوێ و بەرپرسانی كورد فشار بكەن بخرێتە دوای ساڵی تازە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، دوو ڕێگا هەیە بۆ ئەوەی بەغدا مووچەی مانگەکانی (11 و 12) خەرج بکات.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە، ڕێگای یەكەم ئەوەیە، ئێمە پێکهێنانی حکومەتی نوێمان لە پێشە ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک وەزیران پێویستی بە کورد هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی، بۆیە دەکرێت رێککەوتنی لەگەڵ بکرێت، کە دەبێت مووچەی ئەم چوار ساڵە و ئەم دوو مانگەی ئەمساڵیش خەرج بکات دوور لە ململانێی سایسی.
دەشڵێت: ئەوە مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە لەبەرامبەریشدا ئەوانیش پشتگیری دەکەن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و پێکهێنانی حکومەتەکەی.
بۆ ڕێگای دووەمیشیان دەڵێت: وەزیرە کوردەکانی ئەم کابینیە لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار فشار بکەن، کە ئەو دوو مووچەیەی ئەمساڵ لە ناو ئەمانەتدا دابنێن و دوای ساڵی تازە خەرجی بکەن.
