بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ڕایگەیاند، تا ئێستا حەوت سەبەتەی خۆراک دابەشکراوە، لەگەڵ دابەشکردنی 10 بەشە ئارد، دەشڵێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی سەبەتەی هەشتەمی خۆراک دەکەن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “لە ساڵی 2025دا تا ئێستا حەوت بەشەخۆراک بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی بەشی هەشتەم دەکرێت، سەبارەت بە ئاردیش، لە کۆی 10 بەشە، ئێستا لە دابەشکردنی بەشی دەیەمداین”.
نەوزاد شێخ کامیل، ئاماژەی بە بڕی ئەو ماددانە کرد کە مانگانە بۆ هەر هاووڵاتییەک دابین دەکرێت، کە پێکهاتووە لە:
سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، 400 گرام دۆشاو، یەک لیتر زەیت، نیو کیلۆ نیسک، نیو کیلۆ ئارینۆک (لۆبیا یان نۆک).
نۆ کیلۆ ئارد بۆ هەر هاووڵاتییەک.
سەبارەت بە پرسی گەنم، ئاشکرای کرد کە ئەمساڵ 386 هەزار تەن گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە کە بەهاکەی زیاتر لە 300 ملیار دینارە.
وتیشی: “تا ئێستا 112 ملیار دینار گەیشتووە و دابەشکراوە، بەڵام هێشتا زیاتر لە 190 ملیار دیناری جووتیاران لای حکوومەتی عێراق ماوە و نەهاتووە، هیوادارین لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو پارەیەش بگات”.
