“گروپە چەکدارەکان و بەتایبەتیش ئەوانەی سەر بە تورکیان لە شەڕەکەی حەلەب بەرپرسیارن”

ئاسایشی ڕۆژئاوای کوردستان بەرپرسیارێتی شەڕەکەی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب دەخاتە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی دەسەڵاتی کاتیی سووریا و بە تایبەتیش ئەوانەیان کە سەر بە تورکیان.

ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە ئیدارەی خۆسەر لە شاری حەلەب، ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە شەڕەکەی دوێنێ شەو و پەرەسەندنی سەربازی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بڵوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەو دوو گەڕەکە ماوەی نزیکەی چوار مانگە ڕووبەڕووی گەمارۆیەکی توند بوونەتەوە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتی سووریاوە، بەتایبەتیش ئەو گرووپانەی کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن.

ئاساییش ڕوونیکردەوە کە ئەم گەمارۆدانە هاوکات بووە لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی ئەو گرووپانە بە ئامانجی ڕاکێشانی ئاسایش بۆ ناو شەڕێکی سەربازی و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری، کە ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ پێشێلکردنی ئەو ئاگربەستە دەبینرێت کە لە نێوان ئاسایش و حکومەتی کاتی واژۆ کراوە.

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەلەب سەرجەم ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن ئەوان دەستپێشخەری شەڕەکەیان کردبێت و جەختیان کردەوە کە وەڵامدانەوەکانیان تەنها لە چوارچێوەی مافی بەرگری ڕەوادا بووە و تەنها سەرچاوەکانی تەقەیان کردووەتە ئامانج.

ڕاشیگەیاند کە سەرەڕای هەوڵەکانی ئاسایش بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، بەڵام گروپە چەکدارەکان لە چوار قۆڵەوە هێرشی فراوانیان کردووەتە سەر دەوروبەری ئەو دوو گەڕەکە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ئەمنی.

لەگەڵ ئەوەشدا، ئاسایش پابەندبوونی خۆی بە ئاگربەست دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند کە هەمیشە ئامادەن بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک، هاوکات جەختیان لەوە کردەوە کە هێشتا بژاردەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن وەک ڕێگەیەکی ئاشتیانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە پێشینەی کارەکانیاندایە.

دوێنێ هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژنێک و برینداربوونی ١٧ هاووڵاتی تر، جگە لە برینداربوونی ٦ ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ. لە بەرامبەردا هێزەکانی ئاساییش بە مەبەستی پاراستنی خەڵکی سڤیل، بەرپەرچی هێرشەکانیان دایەوە و توانییان زۆربەی هێرشەکان لە دەوروبەری هەردوو گەڕەکەدا تێکبشکێنن و دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە