“هەڵبژاردنێک پەرلەمان دروست نەکات، شەرعیەتی هەڵوەشاندنەوەیە”

 

پەرلەمانتارێكی پێشووی بزووتنەوی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، هەڵبژاردنێک پەرلەمان دروست نەکات، شەرعیەتی هەڵوەشاندنەوەیە و دەشڵێت: کاتێک پارتی و یەکێتی پەرلەمان دەکەنە بارمتەی ڕێککەوتنە سیاسییەکانی خۆیان، واتە دەنگی هاووڵاتییان هیچ بەهایەکی نییە.

شیرین كاوە گەرمیانی، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، “کاتێک گەلان ڕوو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن، ئامانجیان گۆڕانکاری و پێکهێنانی دامەزراوەیەکە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات. بەڵام لە هەرێمی کوردستان، ساڵێک زیاترە پڕۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدراوە و ملیۆنان دۆلار خەرج کراوە، کەچی بەهۆی کێشەی نێوان دوو حیزبەوە، پەرلەمان تەنها وەک ناوێکی بێ ناوەرۆک ماوەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشداوە، کاتێک پارتی و یەکێتی پەرلەمان دەکەنە بارمتەی ڕێککەوتنە سیاسییەکانی خۆیان، واتە دەنگی هاوڵاتییان هیچ بەهایەکی نییە. لە زانستی سیاسەتدا، ئەگەر ئەنجامی هەڵبژاردن نەبێتە هۆی پێکهێنانی دامەزراوەکان لە کاتێکی دیاریکراودا، ئەو هەڵبژاردنە لە بەها و شەرعیەت دادەماڵرێت.

دەشڵێت: ئیفلیجکردنی یاسا لەژێر ناوی “ڕێککەوتنی سیاسی”، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت “کوشتنی کاتە” ساڵێک بێدەنگی و داخرانی دەرگای پەرلەمان، سووکایەتییە بە ئیرادەی ئەو هاووڵاتییەی بەو هیوایە دەنگی داوە کە نوێنەرەکەی داکۆکی لە مافەکانی بکات.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەگەر دوو حیزبەکە ناتوانن لەسەر مێزی پەرلەمان دانیشن، کەواتە ئەو هەڵبژاردنەی ئەنجامیان داوە شکستی هێناوە و دەبێت وەک پڕۆسەیەکی بێ ئەنجام سەیر بکرێت.

بە وتەی ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو، داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە یان دووبارەکردنەوەی، دەکرێت وەک فشارێکی جەماوەری بەکاربهێنرێت.چونکە:
نەبوونی متمانە: کاتێک پەرلەمان دوای ساڵێک کۆنابێتەوە، چ گرەنتییەک هەیە دوای دوو ساڵی تر کارا بێت؟
بەرپرسیارێتی یاسایی: ناکرێت وڵات لە بۆشاییەکی یاسایی درێژخایەندا بێت تەنها لەبەر ئەوەی دوو لایەن لەسەر “پشکەکان” ڕێکنەکەوتوون.

شیرین كاوە گەرمیانی نووسیویشیەتی، “ئەگەر ئەم پەرلەمانە لە ئاستی ئەو متمانەیەدا نییە کە خەڵک پێی داوە و ئەگەر بڕیاری کۆبوونەوەی لە دەستی سەرۆکی حیزبەکانە نەک لە دەستی یاسا، کەواتە ئەم پڕۆسەیە تەنها شانۆگەرییەکی سیاسی بووە. مانەوەی ئەم دۆخە بە هەڵپەسێردراوی، زیانی گەورە لە شکۆی هەرێم و بژێوی خەڵک دەدات”.

پێشی وایە، “پەرلەمانێک تەنها دیوار و کورسی بێت و نەتوانێت خەمی خەڵک بخوات، هەڵوەشاندنەوەی وەک پڕۆسە باشترە لەوەی بە ناوی دیموکراسییەوە خەڵکی پێ چەواشە بکرێت”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە