لە سنووری دوو شارۆچکەی سەر بە پارێزگای ئیزمیری ڕۆژئاوای تورکیا، ٥٦ کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکران، کە هەشتیان منداڵن.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی فەرماندەیی پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا، دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەوەی بەلەمێکی لاستیکی کە کۆچبەرانی نایاسایی تێدایە و، بەهۆی لەکارکەوتنی بزوێنەرەوە لە دەریاکانی کارابورون گیریخواردووە و داوای هاوکاری کردووە، دەستبەجێ تیمەکانی پاسەوانی کەناراوەکان ڕەوانەی ناوچەکە کران.
تیمەکان توانیان ٣١ کۆچبەری نایاسایی ڕزگار بکەن، کە دووانیان منداڵن.
لە کەناراوەکانی شارۆچکەی فۆچا، دوای وەرگرتنی زانیاری لەبارەی بوونی کۆمەڵێک کۆچبەری نایاسایی لەناو بەلەمێکی لاستیکیدا، تیمەکانی پاسەوانی کەناراوەکان ڕەوانەی ئەو ناوچەیە کران.
تیمەکان توانیان ٢٥ کۆچبەری نایاسایی لەناو بەلەمەکەدا دەستگیر بکەن، کە شەشیان منداڵ بوون.
دوای تەواوکردنی ڕێکارەکانیان، کۆچبەرە نایاساییەکان ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کۆچی پارێزگاکە کران.
