وەزیری تەندروستی سکاڵا لەسەر ٥٤ پزیشک تۆمار دەکات؛ پزیشکانیش وەڵام دەدەنەوە
لە پێشهاتێکی نوێدا، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵای یاسایی لەسەر ٥٤ پزیشکی گشتی دەرەوەی وڵات تۆمار کرد. پزیشکەکان لە ڕێگەی بنکەی پۆلیسی “تەیراوە” لە هەولێر ئاگادارکراونەتەوە کە ئامادەبن بۆ وەرگرتنی گوتەکانیان.
وەزیری تەندروستی، بەفەرمی سکاڵای تۆمارکردووە و سکاڵاکە بە بیانووی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و مانگرتن لەناو بینای وەزارەتی تەندروستی تۆمار کراوە.
هۆکاری ئەم سکاڵایەش بۆئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەم پزیشکانە داوای جێبەجێکردنی ماددەی شەشی ساڵی ٢٠٠٠ دەکەن کە تایبەتە بە پلەبەندی پزیشکی و گەڕانەوەی مافە پیشەییەکانیان.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، ئەو پزیشکانە نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە:
“لە جیاتی ئەوەی وەزارەت وەڵامی نووسراوەکانی دەستەی مافی مرۆڤ و سەندیکای پزیشکان بداتەوە، سکاڵامان لەسەر تۆمار دەکات. ئەمە هەوڵێکە بۆ کپکردنی دەنگی ناڕازی و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئازادیی ڕادەربڕین.”
پزیشکەکان جەخت دەکەنەوە کە پێشتر چەندین جار ڕووبەڕووی ئازار و لێدان و دەستبەسەرکردن بوونەتەوە، بەڵام هێشتا لە چاوەڕوانی چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی مافە یاساییەکانیانن بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتیان.

