سۆمۆ وردەکاریی نوێی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ئاشکرا دەکات

سۆمۆ وەڵامی کۆمپانیای DNO دەداتەوە: دەبێت تەواوی نەوتی هەرێم ڕادەستی ئێمە بکرێت.

کۆمپانیای نیشتمانیی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلەی سەبارەت بە ڕاپۆرتێکی ئاژانسی “ڕۆیتەرز” بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بە لێدوانێکی کۆمپانیای نەوتی (DNO) کرابوو سەبارەت بە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت لە هەرێمی کوردستان.

سۆمۆ دووپاتی کردەوە، کە بە تەواوی پابەندی ئەو ڕێککەوتنانەیە کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژۆ کراون. ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرەڕای ئاستەنگە لۆجستییەکان و کەمیی شوێنی کۆگاکردن لە بەندەری جەیهانی تورکیا، بەڵام پڕۆسەی وەرگرتن و بارکردنی نەوتی خاوی هەرێم بەبێ وەستان بەردەوامە بۆ ئەوەی گەرەنتی مانەوەی هەناردەکردن بکرێت.

سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز کە تێیدا هاتبوو، “کۆمپانیای DNO بە شێوەیەکی سەربەخۆ و لە دەرەوەی ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر نەوتەکەی دەفرۆشێت”، سۆمۆ ڕایگەیاند، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم چەندین جار پابەندیی خۆی بە ڕێککەوتنەکە دووپات کردووەتەوە، و بەپێی ڕێککەوتنەکە، هەموو کۆمپانیا جیهانییەکان کە لە کێڵگەکانی هەرێم کار دەکەن، پابەند کراون تەواوی نەوتی بەرهەمهاتوو ڕادەستی (سۆمۆ) بکەن، تەنها ئەو بڕە نەوتە دەتوانرێت ڕادەست نەکرێت کە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی لەناو هەرێمدا تەرخان کراوە.

لە کۆتایی ڕاگەیێنراوەکەدا، سۆمۆ جەختی کردەوە کە کارەکانیان لەسەر بنەمای شەفافییەت و هەماهەنگییە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی پڕۆسەی هەناردەکردن و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی وڵات.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە