بەرهەم ساڵح: “ڕۆژگارێک خۆم پەنابەر بووم و هەوڵدەدەم ئاوارەبوون نەبێتە چارەنووسێکی هەمیشەیی”
د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق، بە فەرمی وەک کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) دەستنیشانکرا. لە یەکەم پەیامیشیدا وەک بەرپرسی نوێی ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە، جەختی لەسەر پاراستنی کەرامەتی پەنابەران و دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی کردەوە.
د. بەرهەم ساڵح لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سەکۆی “ئێکس” (X)، ڕایگەیاند کە وەرگرتنی ئەم پۆستە مایەی شانازییەکی گەورەیە بۆی. ناوبراو ئاماژەی بە ڕابردووی خۆی کرد و وتی”بۆ خۆم ڕۆژگارێک پەنابەر بووم، و باش دەزانم کە چۆن پارێزگاری و هاوکاری دەتوانێت ڕێڕەوی ژیان بگۆڕێت. ئەم ئەزموونەم دەبێتە هەوێنی بەرنامەی سەرکردایەتیم لەسەر بنەمای هاوسۆزی، پراگماتیزم و پابەندبوون بە یاسای نێودەوڵەتی.”
سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق باسی لەوە کرد، کە لە سەردەمێکدا ژمارەی ئاوارەکان بێئەندازە زیادی کردووە، ئەرکی UNHCR قورستر بووە. بۆیە لە کارنامەی نوێیدا جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکاتەوە:
پاراستنی ماف و کەرامەت: کارکردن بۆ ئەوەی ئاوارەبوون تەنیا دۆخێکی کاتی بێت، نەک چارەنووسێکی هەمیشەیی.
بەردەوامیی چاکسازی: بەهێزکردنی کاریگەرییە مەیدانییەکان و بەکارهێنانی دروستی سەرچاوە داراییەکان.
هاوبەشیی نێودەوڵەتی: پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەندام، کەرتی تایبەت و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان بۆ گەیاندنی هاوکاری بەوانەی زۆرترین پێویستییان پێیەتی.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، د. بەرهەم ساڵح سوپاسی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵەی گشتی کرد بۆ ئەو متمانەیەی پێیان بەخشیوە. هەروەها ستایشی هەوڵەکانی فیلیپۆ گراندی، کۆمیسیاری پێشووی کرد بۆ سەرکردایەتییە ماندوونەناسەکەی لە ساڵانی ڕابردوودا.
بەرهەم ساڵح پەرۆشیی خۆی دەربڕی بۆ دەستبەکاربوون و کارکردن لەگەڵ دەوڵەتان و وڵاتانی پەناگەی پەنابەران، بە مەبەستی جێگیرکردنی پارێزگارییەک کە لەگەڵ ئاستەنگەکانی سەدەی بیست و یەکەمدا بگونجێت.
