شارەزایەکی کەشناسی وادەی بارینی بەفر ئاشکرا دەکاات و دەڵێت” شەپۆلێکی بەهێزی بەفر و باران بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێوەیە”.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی، شارەزای کەشناسی لە نوێترین پێشبینیدا ڕایگەیاند، لە نێوان ڕێکەوتی ٢٦ی ١٢ی ٢٠٢٥ تا ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٥، دوای پچڕانێکی کاتی، دووبارە کەش و هەوای ناسەقامگیر دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکەمان.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم شەپۆلە لە ئەنجامی یەکگرتنی دوو نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور دروست دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکانی ئەو کەشناسە، بارانبارین تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرێتەوە، و لە ناوچە شاخاوییەکان بە چڕی بەفر دەبارێت، هاوکات پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و سەرمایەکی توند ڕوو لە ناوچەکە دەکات.
گەڵۆزی دەڵێت “هاتنی ئەم شەپۆلە بەندە بە پاشەکشەکردنی بەرزەپاڵەپەستۆی سیبیریا، لە ئێستادا ئاماژەکان سەرەتایین و لە کۆتایی هەفتەی داهاتوو بڕ و جۆری بارانەکە بە وردی ڕووندەبێتەوە.”
جێی باسە، ئەم شەپۆلە دەبێتە دووەم شەپۆلی فراوان لەم مانگەدا کە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێم سپی پۆش دەکات و هیوای بارانی ڕەحمەت بۆ ناوچەکان دەخوازرێت.
