تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی کۆئەندامی هەرس و جگەری فێرکاری لە شاری سلێمانی، سەرکەوتنی پڕۆسەیەکی وردی هەناوبینییان (Endoscopy) بۆ دەرهێنانی تەنێکی نامۆ لە گەدەی مێرمنداڵێک ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، مێرمنداڵێک بەهۆی قوتدانی تەنێکی نامۆوە گەیەنرایە نەخۆشخانە. دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان، دەرکەوت کە “پولێکی دۆمینە” لە ناو گەدەی مێرمنداڵەکەدا گیر بووە.
تیمێکی پسپۆڕ کە پێکهاتبوون لە پزیشکانی پسپۆڕی هەناوبینی، پزیشکانی بێهۆشکاری، پەرستارانی تایبەتمەند و یاریدەدەرانی بێهۆشکار، دوای هەوڵێکی زانستی چڕ و بەکارهێنانی چەندین ئامێری تایبەت، توانیان بە سەرکەوتوویی پولەکە دەربهێننەوە.
سەرچاوە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەرچەندە دەرهێنانی تەنی نامۆ لە گەدەدا کارێکی باوە، بەڵام ئەم حاڵەتە بەهۆی قەبارە، شێوە و پێکهاتەی لووسی پولی دۆمینەکە ئەرکێکی ئاسان نەبووە و پێویستی بە وردکارییەکی زۆر هەبووە بۆ ئەوەی زیان بە دیوارەکانی گەدە و سورێنچکی مێرمنداڵەکە نەگات.
لە کۆتاییدا، نەخۆشخانەکە وێڕای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی پڕۆسەکە، هیوای تەندروستی و سەلامەتی بۆ هەموو لایەک خواست.
