هەڵکەوت عەبدوڵا
رۆژانە بەکارهێنەرانی هاتوچۆ لە چوارڕێیانەکاندا رووبەڕووی ترافیک لایتی سوور دەبنەوە. ترافیک لایتەکان ئامرازگەلێک نین هاووڵاتیان بە ئارەزوو بەکاریان بهێنن، بەڵکو پێویستن بۆ رێکخستنی هاتوچۆ و دڵنیابوون لە سەلامەتیی بەکارهێنەرانی رێگاوبان، پابەندبوونیش پێیانەوە زۆرەملێیانەیە، نەک خواستەکی.
بەداخەوە لای خۆمان بەزاندنی ترافیک لایتی سوور بووەتە دیاردە و رۆژانە دووبارە دەبێتەوە. چاودێریکردنی هاتوچۆ لەو چوارڕێیانانەی ترافیک لایتیان لێیە، دەریدەخات لە هەر گۆڕانێکی ترافیک لایتدا، لە سەوزەوە بۆ سوور، لانی کەم 3-4 شۆفێر دەیبەزێنن. ئەمە سەرباری ئەوەی زۆرێک ئاگادارنین، یان گوێ بەوە نادەن، کە ترافیک لایتی زەرد، لە گۆڕانی سەوزەوە بۆ سوور، مامەڵەی سووری لەگەڵ دەکرێت، ئەگەر مەترسیدار نەبێت.
بەزاندنی ترافیک لایتی سوور کارێکی بێباکانەیە و مەترسیی بەرچاو بۆ بەکارهێنەرانی رێگاوبان دروستدەکات و زۆرجار لێکەوتەی زۆری دەبێت، لەوانە: برینداربوونی جەستەیی و دەروونی، زیانی دارایی وەک تێچووی چاککردنەوەی ئۆتۆمبیل و نەخۆشخانە و پزیشک، بژاردنی زیانی بەرامبەر و موڵکی تایبەتی و گشتی، خەرجییەکانی پرسە و لەدەستدانی بژێویی سەرەکیی خێزان لە کاتی رووداوی کوشندەدا.
دەرکەوتووە چەندین هۆکاری باو بەشدارن لەم دیاردەیەدا، لەوانە:
1- لێخوڕینی سەرقاڵکەر: واتە سەرقاڵبوونی شۆفێر بە قسەکردن بە مۆبایل و نامەناردن، گفتوگۆ لەگەڵ سەرنشینەکان، گوێگرتن لە رادیۆ و خواردن و خواردنەوە، کە دەبنە هۆی هەست نەکردن بە گۆڕانی ترافیک لایتەکان.
2- بێتاقەتی: هەندێک لە شۆفێران لە کاتی چاوەڕوانیی ترافیک لایتی سووردا بێزاردەبن و وایان لێ دێت بڕیاری هەڵەشانە بدەن و پابەندنەبن.
3- شۆفێری شەڕانگێز: ئەوانەی پابەندی یاسا و رێساکان نابن و لە گەلێک لایەنی هاتوچۆوە سەرپێچی دەکەن و پێیانوایە بلیمەتن لە ئۆتۆمبێل لێخوڕیندا و دەتوانن بێ زیان سەرچڵی بکەن و لە سزا رزگاریان بێت.
بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم دیاردەیە چەند هەنگاوێک گرنگە، لەوانە:
1-هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە مەترسییەکانی بەزاندنی ترافیک لایتی سوور و باشکردنی بەرنامەکانی پەروەردەکردنی شۆفێران، بۆ ئاگادارکردنەوەی شۆفێران سەبارەت بە دەرەنجامە خراپەکانی ئەم دیاردەیە.
2- دانانی کامێرا لە ترافیک لایتەکاندا بۆ وێنەگرتنی ئەو شۆفێرانەی ئەم سەرپێچییە دەکەن.
3 – پیادەکردنی سزای توندی ماددی، ناردنەوەی شۆفێر بۆ خولی راهێنانەوە و لێسەندنەوەی کاتیی، یان هەمیشەیی مۆڵەت.
