سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای دەكات، سەرباری ئەوەی بودجە كورتهێنانی هەیە، بەڵام خاوەنی یەدەگێكی زۆری دۆلار و ئاڵتونین و دەشڵێت: كاتی ئەوەیە هەمواری یاساكانی مووچە و دەرماڵەكانی فەرمانبەران بكەین.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەرنامەی تەلەفزیۆنی (الدینار) ڕایگەیاند، سەرجەم بودجەكان، كە حكومەتەكانی عێراق پەسەندیان كردووە كورتهێنانی داراییان تێدابووە و لە ئێستاشدا قەرزی دەرەكی تەنها 10 ملیار و 56 ملیۆن دۆلارە و قەرزی ناوخۆ 34 ترلیۆنە و ئەوەش كەمترین قەرزە بەراورد بە وڵاتانی ناوچەكە.
دەشڵێت: حكومەتی داهاتووش دەبێت قەرز بكاتب ۆ كورتهێنانی بودجە و دەتوانین قەیرانی دارایی بەبێ زیان گەیاندن بە هاووڵاتیان چارەسەر بكەین، چونكە دۆخی دارایی عێراق سەقامگیرە و ئێستا یەدەگی دارایی بەرزبۆتەوە بۆ 108 ملیار دۆلار و یەدەگی ئاڵتونیش زیادی كردووە لە 130 تەنەوە بۆ 172 تەن.
ئاشكراشی كردووە، ئاستی هەڵئاوسان لە عێراق لە 7.5%ەوە دابەزیوە بۆ 2.7% و حكومەت توانای دابەزاندنی ئەو ناسەقامگیرییەی دۆلاری هەیە و دەمانەوێت سەقامگیری دروست بكەین لە جێگیركردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار و بەردەوان نەگۆڕێت.
سودانی دەربارەی مووچەی فەرمانبەران وتی، “ئێستا كاتی گۆڕانكارییە لە پلەبەندی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت، چونكە 34 یاسا و بڕیاری تایبەت هەیە لەسەر مووچەی فەرمانبەران و لەهەمان كاتدا پێویستە ئەو یاسایانە هەموار بكەینەوە، كە پەیوەستن بە دەرماڵە زیادەكات، كە 60%ی مووچە زیاتر پێكدەهێنن”.
