پارێزگاری هەولێر پلان و بەرنامەی پێشوازی كردن لە سەری ساڵی نوێ ڕادەگەیەنێت و دەشڵێت: بۆ نەهێلانی دیاردەی سواڵکردن ڕێكاری پێویست بگرنەبەر.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە ڕِێورەسمی کریسمس و شەوی سەری ساڵ كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكان ئەنجامدا و ڕایگەیاند، لە پێناو پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران و ڕێگەگرتن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو و نایاسایی و گرتنەبەری ڕێو شوێنی ئەمنی پێویست، ئەرک بەسەر تەواوی هێزە ئەمنییەكان ( پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، پۆلیسی فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان ) لە سەرجەم شوێنە گشتییەكان و ئەو جێگایانەی كە ها,وڵاتییان و گەشتیاران ڕووی تێدەکەن دابەشکرا.
پارێزگاری هەولێر، تەئکیدی لەلایەنەكان کردەوە بێجگە لە پلان و بەرنامە و ڕێککارەکانی تایبەت بە خۆیان، بۆ پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرەی گەشتیاران کە ساڵانە بەبۆنەی سەری ساڵەوە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و وڵاتانی ترەوە ڕوو لە پایتەختی هەرێمی کوردستان دەکەن، هەماهەنگ و هاوكاری یەكتربن.
ڕاشیگەیاند، دوای گفتوگۆکردن لە بارەی دیاردەی سواڵکردن لە ترافیک و نێو بازاڕ و بەردەم مزگەوتەکان و شوێنە گشتیەکان، جەخت لە ڕێگەگرتن لەو دیاردە ناشیرین و دزێوی ناو کۆمەڵگە کرایەوە، کە کەسانێک خوویان پێوە گرتووە.
پارێزگاری هەولێر لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپارد، “بەپێی ڕێنمایی و یاسا بەرکارەکان بۆ نەهێلانی دیاردەی سواڵکردن ڕێكاری پێویست بگرنەبەر”.
