چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیران دەخاتە دوای دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک کۆمار لەلایەن لایەنە کوردییەکانەوە، کوردیش پێشیازەکەی محەمەد حەلبوسی بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی سەرۆک کۆمار بەسەرۆکی پەرلەمان ڕەتدەکاتەوە، هەربۆیە سوننەكان كۆدەبنەوە بۆ دیاری كردن كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان لەنێوان 6 كاندیدی هاوپەیمانییەكە.
شیعەكان “چوارچێوەی هەماهەنگی” و سوننەكان “ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی”یان پێكهێناوە و لە ئێستادا لە كۆبوونەوەی چڕوپڕ بەردەوامن بۆ دیاری كردنی كاندیدەكانیان بۆ سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمان، بەلام هێشتا كورد پەرتەوازەیە و هاوپەیمانی یان بەرەیەكی “كوردستانی” دروست نەكردووە تاكو بە یەكگرتوویی و بە كاندیدی هاوبەشەوە بچنە بەغدا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار و پۆستەكانی پەرلەمان و وزارییەكان.
رۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو، هاوكات ئێوارەی ئەمڕۆ لایەنە سوننەكان كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەبارەی لیستی ناوی كاندیدەكانی خۆیان دەكەن بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.
لە عێراقی دوای سەددامدا، بەگوێرەی نەریتێكی سیاسی، پۆستی پەرلەمان بۆ پێكهاتەی سوننەیە و بەهۆی زۆرینەی پەرلەمانییەوە سەرۆك وەزیران بۆ شیعەكان و پۆستی سەرۆك كۆماریش دراوە بە كورد.
لەناو سوننەكان محەمەد حەلبوسی لەو كارەكتەرانەیە، كە حەزی بەوەیە سوننە لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، پۆستی سەرۆك كۆمار وەرگرێت، ئەم بابەتەشی بەم دواییە وروژاند، بەڵام هەرزوو لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە وەكو كورد وەڵامدرایەوە.
بەپێی قسەی سەرچاوەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ (ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی)ی سوننە كۆببێتەوە بەمەبەستی (تاوتوێكردنی لیستی ناوی كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و بەراوردكردنی سیڤی كاندیدەكان بە بنەمایانەی كە ئەنجومەنی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان دیاریكردووە) و لە ئێستادا 6 كاندید هەیە.
بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی سوننە، تائێستا لیستی كاندیدەكان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ئەم ناوانە لەخۆدەگرێت:
🔹محەمەد حەلبوسی- سەرۆكی حزبی تەقەدوم
🔹محەمەد تەمیم- وەزیری پلاندانان
🔹سابت عەباسی- وەزیری بەرگریی
🔹موسەننا سامەڕائی- سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم
🔹سالم عیساوی
🔹مەحمود قەیسی
سەڵاح مەرعاوی، ئەندامی هاوپەیمانی عەزم بە رۆژنامەی (سەباح)ی ڕاگەیاندووە، “ئەمڕۆ لە بارەگای موسەنا سامەڕایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم كۆبوونەوەیەك رێكدەخرێت بۆ یەكلایی كردنەوەی هەڵبژاردنی كاندیدێك یان دووان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق”.
وتیشی، “تائێستا نازانرێت كام لە كاندیدەكان هەڵدەبژێردرێت و مشتومڕەكان بەردەوامە و تائێستا لەسەر هیچ ناوێك رێككنەكەوتوون و یەكلایی نەكراوەتەوە”.
شایەنی باسە شیعە و سوننە هەر لەسەرەتاوە لایەنە جیاوازەکان بە یەکگرتووی کۆبونەوە و هەوڵی دانانی کاندیدێک دەدەن بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتی، بەڵام لایەنە کوردییەكان هێشتا کۆنەبوونەوە و دوولایەنە سەرەکیەکەش کە یەکێتی و پارتین بانگەشەی هەبوونی کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆ کۆمار دەکەن.
وەكو باسدەكرێت، نرخی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەنێوان لایەنە سوننەكانی (ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی)دا بە (25 خاڵ) دیاریكراوە، دوای تاوتوێكردنی ناوی كاندیدەكان وادەی دانیشتنێكی تر دیاری دەكرێت و لەو دانیشتنەدا كاندیدی سوننەكان بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان یەكلادەكرێتەوە.
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لە كۆی (329) كورسی پەرلەمان، لایەنە سوننەكان بە تێكڕا (77) كورسییان بردوەتەوە، سوننەكان لەرێگەی ئەو هاوپەیمانێتییەی كە دروستیان كردووە دەیانەوێت هەم پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، هەم پۆستە وزارییەكان بە یەك پاكێج لەنێوان خۆیاندا دابەش بكەن.
شیعەكانیش لەدوای هەڵبژاردنەوە، هاوپەیمانی (چوارچێوەی هەماهەنگی)یان كاراكردەوە، كە هەموویان تێیدا كۆبوونەتەوە و ئێستا سەرقاڵی ئەوەن لەناو خۆیاندا كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیران یەكلابكەنەوە، كە بەهێزترین كاندیدیان (نوری مالكی، محەمەد شیاع سودانی، قاسم ئەعرەجی و چەند كەسێكی دیكەن).
بەڵام كورد كە پۆستی سەرۆك كۆماری بەردەكەوێت، هێشتا هیچ رێككەوتنێك لەنێوان پارتی و یەكێتیی نەهاتۆتە ئاراوە و لای خۆشیەوە، كەمال كەركوكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاندووە، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە و كوردیش دەنگی بە پارتی داوە و یەك ملیۆن دەنگكان هێناوە و پارتی هەر كەسێك دابنێت لەناوخۆی یان دەرەوەی دەبێت ڕێز لەو بڕیارەی بگیرێت.
هاوكات، بەرپرسانی یەكێتی جەختدەكەنەوە، كە “پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی یەكێتییە و هەر كەسی تر كاندیدی هەبێت با وەكو ڕابردوو خۆی تاقی بكاتەوە”. ئەمە لەكاتێكدایە، كە لەناو یەكێتی باس لە چەند كاندیدێك دەكرێت بۆ ئەو پۆستە، كە بریتین لە (بافڵ تاڵەبانی و خالید شوانی و هەڵۆ عەسكەری) بەڵام تا ئێستا بە فەرمی هیچ كاندیدێك دیاری نەكراوە.


